به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2022/9/7 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له مارشال سامى سامپسۆن ڕاوێژكارى باڵاى سه‌ربازیى به‌ریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافریكا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى عێراق، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و جموجووڵه‌كانى داعش، پرۆسه‌ى چاكسازى له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ كران.
نێچیرڤان سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌ریتانیا دووپات كرده‌وه كه له شه‌ڕى دژى داعشدا هاوكارى و پشتگیرى پێشكه‌ش به عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد، هه‌روه‌ها جه‌ختى له پێویستیى به‌رده‌وامیى هاوكاریى به‌ریتانیا و دۆستان له كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كرده‌وه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیى گه‌یشتنى لایه‌نه سیاسییه‌كان به لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختى و ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى له عێراق و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسیى وڵات، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له گرنگیى یه‌كڕیزیى لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه.
دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌وه بوو كه كونسولى گشتیى به‌ریتانیا له هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو.