لەسەر زەوییەکەی وەستاوە لە گوندی چەقڵاوا بە دووری نیو کاژێر لە سەنتەری سلێمانی،لەتیف کەریم ئیسماعیل، بێ ئومێدە لەو دۆخەی بەسەر زەوییەکەیدا هاتووە، ئەو نیگەرانە لەوەی ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵی زۆربەی بەرهەمەکەی لەدەستچوو و رەنج بەخەسار بوو .
لەتیفی تەمەن 75 ساڵان دەڵێت:” :” پێش 10 ساڵ، ئەو زەوییەی ئێمە ١٢ تۆن بەرهەمی گەنمی هەبووە،بەڵام ئێستا بۆ ٦ تۆن کەمبووەتەوە.”
کەریم ئیسماعیل جووتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە، دەلێ:” بە دەگمەن نیوەی ئەو بەرهەمەی پێشتر هەمان بووە دووریومانەتەوە ، هەتا پێنج ساڵ پێش ئێستاش، بەرهەمێکی زۆری سەوزە و میوەم هەبوو، بەڵام ئێستا ناچارم تەنیا گەنمم هەبێت ئەویش بەرهەمەکەی کەمبووەتەوە .”
کەریم ئیسماعیل دەڵێ:”سەرەڕای کەمی باران، بەڵام باش ئیدارەنەدانی ئاو و کەمبوونی سەرچاوەی ئاو زیانی گەورەی لێداون.”
سەرچاوەی سەرەکی ئەو جووتیارانەی سلێمانی بیری ئاوە، کە بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوەش بەکاری دێنێن،بەڵام لە ساڵای رابردوودا رێژەیەکی بەرچاو ئاو کەمبووەتەوە،وەرزی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم دەستپێدەکات تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئایار یان سەرەتای حوزەیران،زۆربەی جووتیاران لە زستاندا لەماوەی ٤ مانگدا پشت بە باران دەبەستن، بەڵام کەمبوونەوەی باران لە دوو ساڵی رابردوودا زیانی زۆری بە جووتیاران گەیاندووە .
کاریگەری ئەو بێ بارانییە لەسەر عێراق زیاتریشە،نزیکەی نیوەی خاکی عێراق رووبەڕووی بە بیابانبوون بووەتەوە، هەردوو رووباری دیجلە وفورات ئاستی ئاویان کەمی کردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو 2040 هەر وشک بێت، هاوکات بانکیی جیهانی پێشبینی دەکات ئاوی خواردنەوە تاوەکو 2050 نزیکەی ٪20 کەمبێتەوە،رێکخراوەکان دەڵێن دروستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی دراوسێی عێراق دۆخەکەی خراپتر کردووە، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕیاری دروستکردنی چەند بەنداوێکی پەسندکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی، هەموو ئەوانە لەکاتێکدایە عێراق لە نێو 5 کاریگەرترین وڵاتە لەژێر کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوادا، گۆڕانی کەش و هەوا نەبوونی ئاسایشی خۆراک هەڕەشە لە خەڵک دەکەن .
خەڵک بەرێک و پێکی ئاو بەکارناهێنن
نەبوونی پاڵپشتی پێویست بۆ جووتیاران لە هەرێمی کوردستان و عێراق دۆخەکەی خراپتر کردوون، کەریم ئیسماعیل دەڵێ :” هیچ هاوکارییەک ناکرێین،چ لە رووی دارایی یان ئامێر و پەینی کیمیایی، پێشتر بەهۆی شەڕی داعش و دواتریش مشتومڕی بودجە لە نێوان هەولێر و بەغدا پاشان کۆرۆنا دۆخەکەی لێ خراپتر کردین.”
گوندی چەقڵاوا کە نزیکەی ٥٠ ماڵ و ٣٣٠ کەس تێیدا دادەنیشن،بە بۆری سەرەکی ئاوی سلێمانی نەبەستراوەتەوە، بە هەمان شێوەی ناوچە و گوندنشینەکانی دیکە،خەڵکی ئەو گوندانە لە دەرهێنانی ئاوی بیردا هاوکاری یەکدی دەکەن، ئەوان دەستیشیان بەوە گرتووە ئەو بیرانە وشک نەبن لانی کەم تاوەکو وەرزێکی دیکەی باران بارین لە عێراق و هەرێمی کوردستان ،لەگەڵ ئەو گوشارەی لەسەر بەڕێوەبردنی ئاو هەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گوندنشینەکان ،هێشتا بە تەواوی هۆشیار نەکراونەتەوە لەو دۆخەدا
شاد ئازاد رەحیم، چالاکڤانی ژینگەیی لە سلێمانی دەڵێ :”خەڵک بە رێك و پێکی ئاو بەکارناهێنێت، هۆشیاری ئەوتۆ نییە لەسەر کەمبوونەوەی ئاو، زۆربەی جووتیارانیش ئاشنا نین بە شێوازە نوێکانی ئاودان لە هەرێمی کوردستان .
بە دووری چەند سەد مەترێک لەو گوندانەی سنووری سلێمانی،خەڵکی گوندێکی دیکە کۆبوونەتەوە لەسەر ئەو دۆخەی هەیە و کێشەکانیان،محەممەد مەحموود جووتیارێکی دیکەیە دەڵێ :”پێش چەند ساڵێک رووبەرێکی زۆری دانەوێڵەم دەچاند، رۆژێک بینیم هەموویان رەشبوون و مردوون، هۆکارەکەشی ئەو دووکەڵە بوو لە کێڵگەیەکی نەوتیەوە دەردەچوو و دانەوێڵەکەمی خەسارکرد .”
بەکارنەهێنانی ئاو بە شێوەیەکی دروست لە عێراق خراپترە، ٪70ـی کۆی پاشماوە پیشەسازییەکان لە عێراق فڕێ دەدرێتە نێو دەریا و رووبارەکان، ئەوە بەپێی داتای لێکۆڵەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، تانجەڕۆ کە لە باشووری سلێمانی هەڵکەوتووە، بە پاشماوە و زبڵ و خاشاک پیسبووە و چەندین ساڵە بەوشێوەیە،دەچێتە نێو رووباری سیروان بۆ پێکهێنانی رووباری دیالە کە ئەویش دەڕژێتە نێو دیجلە، ئەو رووبارەش لەگەڵ فورات سەدان ساڵە سەرچاوەی ژیانی خەلك بووە ، بەڵام ئێستا لە مەترسیدان .
لە هەمان کاتدا، تورکیا و ئێران بەردەوامن لە دروستکردنی بەنداوەکان و پڕۆژەکانیان لەسەر سەرچاوەکانی ئاو کە دەرژێنە نێو هەرێمی کوردستان و عێراق، هەرچەندە رێککەوتنێک هەیە لە ساڵی 1997 لەسەر رژانی بڕی پێویستی ئاو بۆ وڵاتان و پابەندبوونی وڵاتان، بەڵام زۆر جار ئەو رێککەوتنە جێبەجێ ناکرێت .
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێ” لەوەی ساڵی رابردوو ، ئاستی ئاوی رووباری دیجلە و فورات بۆ زیاتر لە نیوە کەمیکردووە .
بە گەڕانەوە بۆ دۆخی گوندنشینەکان، تەها عەلی کەریم تەمەنی 65 ساڵە و دەلێت پێشتر بەرهەمێكی زۆرم دەچاند لەوانە، تەماتە و خیار و زۆر بە هەرمەی دیکەش تاوەکو ساڵی ٢٠٠٠، ئەوکات پشتمان بە باران دەبەست بەڵام ئێستا ناچارین کەمتر ئەو بەرهەمانە بچێنین ئەویش بەهۆی کەمئاوی .”
ئەو جووتیارە زیاتر لەوەش دەڵێ :” ناشتوانین ئەوەی بەرهەمی دێنین بیفرۆشین چونکە حەزی جووتیاریمان نەماوە و هیچ داهاتێکمان نییە .”