سلێمانی.. كێشه‌ی دابینكردنی خواردن و پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ بۆ به‌ندیخانه‌كان چاره‌سه‌رده‌كرێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی سلێمانی رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوودا كێشه‌ی دابینكردنی خواردن، خواردنه‌وه‌ و پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ بۆ به‌ندیخانه‌كانی شاره‌كه‌‌ چاره‌سه‌رده‌كرێت.

له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌ باس له‌ راگرتنی دابین نه‌كردنی خواردن، خواردنه‌وه‌ و پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ ده‌كه‌ن بۆ بەندیخانە، خانەکانی بەساڵاچوان و منداڵانی بێ سەرپەرشت له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیسماعیل رەشید محمەدئەمین، بەڕێوه‌بەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی له‌ سلێمانی رایگەیاند، بڕی پارەی پێویست كه‌ یه‌ك ملیار دینار بووه‌، بڕیارە لە ماوەی هه‌فته‌ی داهاتوودا بۆ کۆمپانیای دابینكردنی خواردن، خواردنه‌وه‌ و پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ دابین بکرێت و ھیچ شوێنێکیش خواردنی راناگیرێت.

رێباز رزگار عوسمان، خاوه‌نی كۆمپانیای “موڤ” كه‌ خواردن و پێدوایستییه‌كان بۆ بەندیخانە، خانەکانی بەساڵاچوان و منداڵانی بێ سەرپەرشت له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی دابین ده‌كات گووتی: “لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌یان پێداوم، تا 15ـی ئه‌یلوول چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌مان چاره‌سه‌رنه‌كرا، ناچار ده‌بین دابینكردنی خواردن، خواردنه‌وه‌ و پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ بۆ بەندیخانە، خانەکانی بەساڵاچوان و منداڵانی سنووری پارێزگای سلێمانی رابگرین”.

خاوه‌نی كۆمپانیای “موڤ” دوێنێ دووشه‌ممه‌ 5ـی ئه‌یلوولی 2022، له‌باره‌ی ئەو گرفتە پۆستێكی له‌ هه‌ژماره‌ی فه‌رمی خۆی له‌ فه‌یسبووك بڵاوكردبووه‌وه‌ و نووسیبووی: “بە ناچاری خواردنی بەندیخانە، خانەکانی بەساڵاچوان، منداڵانی بێسەرپەرشت و بەشێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی رادەگرین، من وەک خۆم لە ماوەی رابردوودا بە بەهای 770 ملیۆن دینار خواردنم بۆ ئەو شوێنانە ئامادەکردووە یان کەلوپەل و پێداویستی خواردنم بۆ دابین کردوون، به‌ڵام لە کۆی ئەو گوژمەیە تەنها بڕی 27 ملیۆن دینارم لە بانک بۆ خەرجکراوە”.