پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، سنووری تەمەرچین (دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران) بەڕووی زیارەتکارانی شیعە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن کراوەتەوە و دەتوانن لەوێوە هاووڵاتیانی ئێران، بچنە نەجەف و کەربەلا.
ئەمڕۆ سێ شەممە (6ی ئەیلولی 2022) ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی، لەسەر زاری محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، موکب (شوێنی مانەوە) بۆ زیارەتکارانی شیعە، لە رێگای پیرانشار بۆ حاجی ئۆمەران و لەوێشەوە تا بەغدا دابینکراوە، هەروەها خزمەتگوزاری تەندروستی بە شەو و رۆژ پێشکەش بە زیارەتکاران دەکرێت.
بەگوتەی پارێزگاری ورمێ، لە کاتژمێر 7:30 بەیانی تا 6:00 ئێوارە، هاووڵاتیانی ئێران دەتوانن بێنە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ کاتی گەڕانەوەشیان دەروازەکە 24 کاتژمێر کراوە دەبێت.
ساڵانە بۆ بەشداریکردن لە چلەی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوتاڵیب، سەدان هەزار هاووڵاتی شیعە مەزهەب لە عێراق و وڵاتانی دیکە، لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە و بە کۆمەڵ شیوەن دەکەن.
رۆژی 22ی مانگی ئابی رابردوو، پارێزگاری ورمێ، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و پارێزگای هەولێری کرد بە مەبەستی ئامادەکاریکردن بۆ هاتنی زیارەتکاران بۆ هەرێمی کوردستان و دواتر سەردانکرنی نەجەف و کەربەلا.
شیعە، یەکێکە لە پێکهاتە گەورەکانی مسوڵمانان لە جیهاندا، کە زۆرینەیان دەکەونە وڵاتانی (عێراق، ئێران، سووریا، پاکستان، ئەفغانستان، لوبنان، بەحرەین و ئازربایجان) و ژمارەیان بە زیاتر لە 200 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.