كونسوڵی نوێی ئه‌مه‌ریكا: پشتیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین له‌ دروستكردنی هێزێكی تۆكمه‌ و یه‌كگرتوو

ئه‌مڕۆ دووشه‌م هیكس جۆنیه‌ر كۆنسوڵی نوێی كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر له‌میانه‌ی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پشتیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن له‌ دروستكردنی هێزێكی تۆكمه‌ و یه‌كگرتووی سه‌ربازی.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ دووشه‌م کونسوڵی نوێی ئەمریکا لەلایەن وەزیری پێشمەرگه‌ پێشوازی كرا و دواتر ئاشنا کرا بە هەوڵ و هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا. لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتی وێڕای دەستخۆشی، پاڵپشتی و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و کارکردن لەپێناو لابردنی لەمپەر و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە دووپات کردەوە.

ڕاشیگه‌یاند: کونسوڵی گشتی ئەمریکا روونیشی کردەوە كه‌ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە هاوکاری و پشتگیری هەمووان هەیە، گوتیشی كه‌ پشتیوانی روئیای وەزیری پێشمەرگە دەکەن لە دروستکردنی هێزێکی تۆکمەی یەکگرتوویی سەربازییانە و لەمڕوەشەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان بە ئەرکی خۆیان هەڵساون و چاوەڕوانی زیاتریان لە رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەیە.

جێی باسه‌ هیکس جونیەر بەر لەهاتنی بۆ هەولێر دانوستانکاری سەرەکی لە نووسینگەی کاروباری سیاسی و سەربازی لە ئۆفیسی ئاسایش و رێکەوتن، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە بۆ هێزی ‌هاوبەشیی سەربازی لە ناوچەی قۆچی ئەفریقیا بوو.