یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات 

باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە میانی سەردانەیدا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات و چاوی بە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و چالاکوان دەکەوێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە درێژەی سەردانەکەیدا باربارا لیف لە رۆژانی 4 تا 9 ئەیلوول سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت، چالاکوانان، رۆژنامەنووسان، بازرگان و ئەندامانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە.

هەرچەندە لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی پێنەدراوە، بەڵام پێشبینیدەکرێت باربارا لیف لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی ئەو داواکارییەی سیناتۆر و کۆنگرێسمانەکانی ئەمەریکا بکات کە داوایان لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردبوو، ئیدارەی واشنتن لە ئاستێکی باڵادا گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر و بەغدادا بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق کە مانگی شوباتی ئەمساڵ دادگاکە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی ناوبرد و داوای هەڵوەشانەوەی کرد. هاوکات لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمەریکاش کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن باس لەو نامەیە بکەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئاراستەی حکومەتی ئەمەریکایان کردووە و داوادەکەن واشنتن رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک رۆژی 29ی مانگی رابردوو تاوەکو 4 ئەم مانگە سەردانی هەر یەک لە وڵاتانی تونس، ئیسرائیل، کەرتی خۆرئاوا و ئووردنی کرد.

لە ماوەی 29 بۆ 31ی ئاب لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی تونس، شارەزایان و شرۆڤەکارانی ئابووری لەو وڵاتەدا کۆبووەوە و تاوتوێی ئەوەیان کرد، چۆن تونس زیاتر بەرەو وڵاتێکی خۆشگوزەران ببرێت. لە سەردانەکەیدا بۆ تونس، لیف پاڵپشتی ئەمەریکای بۆ سیاسەتێکی روون و پڕۆسەی چاکسازی ئابووری لە توونس دووپات کردەوە. هەروەها جەختی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافی رادەربڕین لەو وڵاتە کردەوە و ئاماژەی بەوە دا ئەمەریکا نوێنەرایەتیی دەنگ و رەنگی تونسییەکان دەکات و بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ دەپارێزێت.

هەر لە سەردانەکەیدا، باربارا لیف لەگەڵ بەرپرسانی لیبیا و توونس جەختی لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی لیبیا لە رێگەی چارەسەری سیاسی کردەوە. باسی لەوەش کرد کە پشێوی و تووندوتیژییەکانی تەرابلووس دەرخەری ئەوەیە کە دەبێت تەواوی چین و توێژەکانی لیبیا بە کۆدەنگی و لەسەر بنەمای دەستوور بیر لە چارەسەری ناکۆکییەکانیان بکەنەوە بۆ ئەوەی وڵات دووربێت لە ناسەقامگیری زیاتر.

لە رۆژانی یەک بۆ 3ی ئەیلوولیش، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و فەڵەستین ئەنجامدا. لە دیدارەکاندا پابەندی ئەمەریکای بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و پشتگیری واشنتنی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەربڕی. هاوکات دووپاتی لەوە کردەوە ئەمەریکا پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات.

دواتر یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ئووردنی کرد. لە عەمان لەگەڵ ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئووردن کۆبووەوە و باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد لەنێویاندا پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و ئەو رێککەوتنە حەفت ساڵییەی کە بەهاکەی 10.15 ملیار دۆلارە و لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئووردن واژۆیان کردووە.