کارەبای نیشتمانی دەبێتە 24 کاتژمێری 

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەکو تێست دەستمان کردووە بە ئەنجامدانی سیستەمێکی نوێ لە ھەولێر و دھۆک بۆ ئەوەی کارەبای نیشتیمانی ببێتە 24 کاتژمێری و تاوەکو ئێستا لە دوو شوێن تاقیمان کردۆتەوە و بەردەوامیش دەبین و فراوانتری دەکەین.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا ئێستا دەستمان بە تێستکردن کردووە بۆ ئەوەی سیستەمی کارەبا ببێتە کارت، کە ھاووڵاتییان 24 کاتژمیر کارەبایان ھەبێت، تاوەکو ئێستاش لە دھۆک لەناو بازاڕ و لە ھەولێریش لە بازاڕی لەنگە ئەو تێستە کراوە و 24 کاتژمێر کارەبایان ھەیە و سەرکەوتوو بووە.

ڕاشیگەیاند: ئەو پڕۆژەیە وردە وردە فراوان دەکرێت و چاوەرێی دەرئەنجامەکان دەکەین بزانین ئەگەر سەرکەوتووبێت ئەوە لە ھەموو شوێنەکان و ناوچەکان جێبەجێی دەکەین، بۆ ئەوەی خەڵک بەردەوام کارەبای نیشتیمانی ھەبێت، بەڵام ئەم سیستەمە بەپێی بەکارھێنانی کارەبا بۆی ھەژمار دەکرێت لەڕووی نرخەوە و بەھەمان نرخی ئێستا دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە ھاووڵاتییان لە شوێنی ئەوەی پارەی مۆلیدە و پارەی کارەبای نیشتیمانی بدەن ئەوکات کە ئەو سیستەمە جێبەجێ کرا مانگانە یەک جار پارە دەدەن و ئەویش بەپێی بەکارھێنانی کارەبا، چونکە ئامانجی ئێمە لە ئەنجامدانی ئەوکارە ئەوەیە کە کارەبای نیشتیمانی ببێتە 24 کاتژمێری بەردەوام.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو شێوازە خۆی وایە ھەرجارە و لە ناوچەک جێبەجێ دەکرێت و کارەبای نیشتیمانیان بەھۆی پێوەری زیرەک دەکرێتە بەردەوام تاوەکو ھەموو ناوچەکان دەگرێتەوە، ئەوەش لەسەر خواستی ھاووڵاتییانە.

ھەواڵی زیاتر