بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێم: ئەم مانگە سیستەمی ئەلیکترۆنی خانەنشینی ڕادەگەیەنین

بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمی کوردستان رای گەیاند، سیستمی ئەلیکترۆنی خانەنشینی دەخەینە کار، ئیدی لەبری ئەوەی مامەڵە بە فایل و کاغەز بکەین، لە رێگەی ئەو سیستمەوە مامەڵەی خانەنشینان رایی دەکەین.

حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەم مانگە سیستمی ئەلیکترۆنی خانەنشینی رادەگەیەنین، لە هەر چوار بەڕێوەبەرایەتییەکەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان، بۆ مامەڵەی خانەنشینان، کار بەو سیستمە دەکەین، واتە ئیدی مامەڵە بە فایل و کاغەز ناکەین، هەروەها پێویست ناکات کاتێک کەسێک خانەنشین دەبێت، بێتە لای ئێمە و ئێمەش بچینە لای ئەوان’.

لەبارەی مووچەی خانەنشینان کە بەو سیستمە و لە رێی بانکەکانەوە دابەش دەکرێن، حازم گۆران گووتی، ئێمە ئیشەکانمان تەواو کردووه‌ ئەگەر بانکەکان ئامادەبن، دەتوانین لەگەڵیان رێکبکەوین واتە دەتوانین لە رێی ئەم سیستمەوە مووچەی خانەنشینی دابەش بکەین.

هاوکات لەبارەی بڕینی مووچەی خانەنشینی نایاسایی و کەمکردنەوەی خانەنشینی پلە باڵاکان و هەروەها ئەو داهاتەی لەو رێگەیەوە بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی گوتی،  مووچەی کەس نەبڕاوە، بەڵام ئەوانەی خانەنشین کراون و خزمەتیان نەبووە مووچەکانیان راگیراوە، بۆ ئەوەش نووسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە تا چارەسەر بکرێت، واتە دیراسەمان کردووە و دەبێت لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدرێت، پلە تایبەتییەکانی وەک پەرلەمانتارەکان و وەزیرەکان پێشتر 80%ی مووچەیان وەردەگرت، ئێستا کراوە بە 50%، هەروەها راوێژکار و بریکارەکان 60% وەردەگرن، بەم هەنگاوەش چەند ملیارێک بۆ خەزێنەی گشتیی گەڕاوەتەوە.

ھەواڵی زیاتر