ئەم هەفتەیە لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە

بڕیارە ئەم ھەفتەیە کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان، بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بە بەشداری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە ھەولێر کۆببنەوە و بڕیار لەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدەن.

بە بڕیاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بڕیار بوو ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام وێڕای ئەنجامدانی دوو کۆبوونەوە لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا و بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کورستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت نێردەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، ھەروەھا چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی مەکتەبی ھەڵبژاردنەکانی لایەنەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و شێوازی ھەڵبژاردنەکە رێک نەکەوتوون.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی رابردوودا چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان ئامادەن بۆ ھەڵبژاردن، لە کۆبوونەوەی ١ی مانگی رابردوو لەگەڵ جێنین ھێنس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: “دەبێت بەربەستەکانی بەردەم ھەڵبژاردن نەمێنن و ھەڵبژاردن لە زووترین کاتدا بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پارتی ئامادەیە تەنانەت سبەی ھەڵبژاردن بکرێت.
٦ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، تەمەنی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت، ئەوەش لە کاتێکدایە، لایەنە سیاسییەکان بۆ رۆژی ھەڵبژاردن رێک نەکەوتوون و ناکۆکی و بۆچوونی جیاوازیش لە نێوانیاندا زۆرە، لەوانە یاسای ھەڵبژاردن و بەسەرچوونی کاتی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان.
پێکھاتەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان کە ٩ ئەندامە بەمشێوەیە دابەشی سەر لایەنە سیاسییەکان بووە، سێ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش یەکی ئەندامێکیان ھەیە، ھەروەھا حزبی شیوعی کوردستان، ئاراستەی سێیەم، حزبی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە پێکھاتەکانی دیکەی کۆمیسیۆنەکەدا پشکیان ھەیە.
ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، ئەم ھەفتەیە جارێکی دیکە لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە، چاوەڕێی رێککەوتنی سیاسیی لایەنە سیاسییەکان دەکەین بۆ ئەوەی پێداویستییە یاساییەکانی لە پەرلەمان بۆ دابین بکرێت”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێ: “ئەو بابەتانەی لە پێشمانن بابەتی ھەڵبژاردن، وادەی پەرلەمان، بابەتی دەستوور و زۆر لەو بابەتانەی ھەر لایەن و فراکسیۆنێک لە گۆشەنیگای خۆیەوە دەیکات.”
سەبارەت بە بابەتی درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمانیش، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وادەکەی پەیوەست کرد بە رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و ئەو ماوەیەی کە کۆمیسیۆن لەبەردەستی دەبێت بۆ ھەڵبژاردن و دەڵێت، بەداخەوە پێم وا بێت ئەمە کارێکی زۆر نەشیاو بوو بۆ ھەرێمی کوردستان کە نەتوانرا ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەھۆی ئەو ناکۆکی و جیاوازییەی لە بیروبۆچوون لەسەر یاسای ھەڵبژاردن، کۆمیسیۆن و ھەموارکردنەوەی یاساکە ھەبوو، ئەگەر لایەنەکان لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن رێک بکەون، بەلایەنی کەم لە پەرلەمانی کوردستان ماوەی دوو سێ ھەفتەی دەوێت بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم و دووەم و سێیەمی بۆ بکرێت و دەنگدانی لەسەر بکرێت، دوای ئەوەش کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش کارا بکەینەوە، کۆمیسیۆن بەلایەنی کەم شەش مانگی دەوێت بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکە بکات، کەواتە ئێمە ئەگەر لە ١ی ١٠وە ئەژماری بکەین، واتە تاوەکو مانگی ٤ی ساڵی ئایندە کۆمیسیۆن کاتی دەوێت بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکان بکات.”
ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە ٦-١١-٢٠٢٢ کۆتایی دێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەن دوای ئەو وادەیە پەرلەمان پەکی بکەوێت و “ھەر لایەنێکی سیاسی جددی بێت لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردنەکان بکرێت، دەبێت ھاوکار و پشتیوان بێت لەوەی وادەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەندە درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکەی پێ بکرێت، واتە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان تەنیا بۆ ئەوەیە بتوانێت لەو ماوەیەی کە کۆمیسیۆن پێویستیەتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و تووشی بۆشایی دەستووری نەبین.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسای لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای کرد: “وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد، ٦/١١ کۆتایی بە تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دێت کە چوار ساڵ تەواو دەبن، بۆیە پێویستە تەمەنی درێژ بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە پەرلەمان چاوەڕێی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانە لە سەرۆکایەتیی ھەرێم، تا بەرچاوڕوونی ھەبێت لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەر بڕیارێک بدرێت بە لایەنی کەم شەش مانگ پێویستە بۆ ئەوەی کۆمسیۆن ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن بکات.
یەکێک لەو خاڵانەی جێگەی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانە، شێوازی ھەڵبژاردنە، د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ھەولێر لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و راپرسی، بۆ “ھەولێر” گوتی: “بەپێی یاسای ھەڵبژاردن دەبێت ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت، بە تەئکید ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ناکرێت و دوادەخرێت، تەنیا پارتی تەئکید لەوە دەکاتەوە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن، رایگەیاند: “ئێمە بە ھەموو لایەنە سیاسییەکانمان گوتووە لە دوای رێککەوتنی ئەوان و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن، شەش مانگ کاتمان پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر