لە پەرەسەندنی تیرۆر و ڕەشەکوژی لە بەغدا هۆشداری دەدرێت

بەپێی بەڵگەنامەیەکی نهێنیی فەرماندەیی ئۆپڕاسیۆنی بەغدا کە کەوتووەتە دەستی میدیاکانی عێراق، هۆشداری دراوە لە پەرەسەندنی تیرۆر و ڕەشەکوژی لە بەغدای پایتەخت و پێشبینیی کردووە بە ماتۆڕسکیل، ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی کوشتنی کەسایەتی و چالاکان و خۆپێشاندەران بدرێت و لایەنە ناکۆکەکان بەم شێوازە درێژە بە توندوتیژی و ناکۆکییەکانیان بدەن.

رۆژی سێشەمی ڕابردوو ٣٠ ئاب، بە پەیامێکی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر کۆتایی بە خۆپێشاندانەکانی عێراق هات و ئاوێک بە ئاگرەکەدا کرا، بەڵام ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو دەری دەخات ئاگرەکە بە تەواوی نەکوژابێتەوە و هێشتا ژیلەمۆی ئاگرەکە ئەوەند بەهێزە کە بە فوویەکی تر گڕ بگرێتەوە.
لەوڕۆژەوە سەرەڕای زاڵبوونی ئارامییەکی ڕێژەیی، توندوتیژییەکان لە جل و بەرگێکی تردا دەرکەوتوون و تەنانەت چەند حاڵەتێکی پێکدادان لە بەسڕا و چەند شوێنێکی تری عێراق تۆمار کراوە کە درێژەی هەمان ناکۆکی و توندوتیژییەیە کە لە نیوەڕۆی دووشەمەوە تا نیوەڕۆی سێشەم درێژەی کێشا.
لە چەندڕۆژیڕابردوودا جگە لە بوونی ئەم جۆرە توندوتیژییانە خۆپێشاندانەکانیش درێژەیان هەبووە و ئەم جارە تشرینییەکان هاتوونەتە سەر شەقام و درێژە بە خۆپێشاندانەکان و داواکارییەکانی ساڵی ٢٠١٩یان دەدەن.
هەر بۆیە مەترسییەکان پەرەیان سەندووە و پێدەچێت توندوتیژییەکان بۆ شێوازێکی نوێ بگۆڕدرێن و لایەنە ناکۆکەکان بە پشتبەستن بە تیرۆر و ڕەشەکوژی لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، درێژە بە ململانێکانیان بدەن، مەترسییەک کە ژووری ئۆپڕاسیۆنی بەغداش هەستی پێ کردووەو هۆشداری لەبارەیەوە داوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە فەرماندەیی ئۆپڕاسیۆنەکانی بەغدا، هۆشداری داوه‌ له‌ سەرهەڵدانی تیرۆریزمی ڕێکخراو لە ناو بەغدا و پێی وایە له‌لایه‌ن ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و شێوازی تر هانا بۆ کوشتنی چالاکان ببەن.
وەک ئاشکرایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری لایەنگری شۆڕشی تشرین هاتوونەتە سەر شەقامەکانی بەغدا و بە دروشمی جیاواز داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختە و چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی و کورتکردنەوەی دەستوەردانە دەرەکییەکان دەکەن. ئەو خۆپێشاندەرانەش لەڕەوتی سەدر نزیکن و دروشمەکانیشیان هاوشێوەن و بۆیەش بە لەبەرچاوگرتنی سووربوونی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەی پەرلەمان پێ دەچێت توندوتیژییەکانیش زیاتر پەرە بستێنن.
بەشێک لەم توندوتیژییانە گرێ دراوە بە کۆبوونەوەی داهاتووی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە بڕیارە لە چوارشەمی داهاتوو بڕیار لەبارەی بەردەوامیدانیان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق بدات. بڕیاری دادگا بە هەر لایەنێکدا بشکێتەوە ئەوا لە قەیران و تەنگژەکان کەم ناکاتەوە و زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە چارەسەری دۆخی عێراق پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستانێکی هەمەلایەنە هەیە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت بەڕێگایەکی ئاشتییانە دۆخەکە هێور بکرێتەوە.
جێی باسە هەردوێنێ لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوەیان درکاند کە پرسی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دوای چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن دوا دەخرێت و بڕیارەکەیان لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە دادگای باڵای فیدراڵی لە قازانجی ئەوان بڕیارەکە بدات یان بێدەسەڵاتیی خۆی لەو پرسە ڕابگەیەنێت.
ململانێكان له‌ ماڵی شیعه‌دا چڕ بوونه‌وه‌ و دابه‌ش بوون بۆ دوو به‌ره‌ی سه‌دری و شیعه‌ی وه‌لائی كه‌ به‌ لایه‌نگری ئێران هه‌ژمار ده‌كرێن، هیچیان نه‌یانتوانی حكوومه‌ت پێك بێنن.
لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٣ەوە کە لایەنی شیعە لە لووتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان حکوومەتی عێراقدا بووە، هێندەی ١١ مانگیڕابردوو ناکۆک نەبوون و هێندەی ئەمڕۆژانەش بەرانبەریەکتر نەوەستاون. لە دوای هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو سەدرییەکان زۆرترین کورسییان دەستەبەر کرد بەڵام سەرەڕای هاوپەیمانێتی لەگەڵ سوننە و پارتی دیموکراتی کوردستان، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە بەیەک لەسەر سێی پەکخەر ناسراون هەرگیز نەیانهێشت حکوومەت دابمەزرێت. پاشان سەدر لە پەرلەمان کشایەوە و لایەنەکەی بەرانبەر کورسییە بەتاڵەکانی بە نوێنەرەکانی خۆی پڕ کردەوە و دۆخەکە لە جیاتی چاکبوون هێندەی تر خراپ بوو.

ھەواڵی زیاتر