شۆفێران ٨٩١ شوێنی ئاسنەپەرژینەكانی شه‌قامه‌كه‌یان قوپاندۆته‌وه‌

كه‌متر له‌ دوو ساڵه‌ شه‌قامی سه‌رده‌میانه‌ی بازنه‌یی ١٢٠ مه‌تریی هه‌ولێر به‌ته‌واوه‌تی خراوه‌ته‌ خزمه‌ت هاتوچۆی هه‌ولێره‌وه‌، كه‌چی له‌و ماوه‌یه‌دا، شۆفێران به‌ خۆپیاكێشانیان ٨٩١ شوێنی ئاسنەپەرژینەكانی شه‌قامه‌كه‌یان بردووه‌ته‌ ناوه‌ و به‌ درێژایی شه‌قامه‌كه‌، مه‌ودایه‌كی ده‌ستلێنه‌دراویان نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌، كه‌ جگه‌ له‌ زیانی ئۆتۆمبێله‌كانیان، زیانلێدانیان له‌ شه‌قامه‌كه‌ ملیۆنان دۆلاره‌.

له‌ كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٠دا، دوابه‌شی شه‌قامی سه‌رده‌میانه‌ی بازنه‌ی ١٢٠ مه‌تریی هه‌ولێر ته‌واو بوو. له‌و كاته‌وه‌ كۆی شه‌قامه‌كه‌ خرایه‌ خزمه‌ت هاتوچۆی هه‌ولێره‌وه. ئه‌و شه‌قامه‌ كه‌ شه‌شه‌مین شه‌قامی بازنه‌ییه‌ به‌ ده‌وری قه‌ڵات و به‌ مه‌ودای ٣٧ كیلۆمه‌ترییه‌وه،‌ باوه‌شی به‌ هه‌ولێردا كردووه‌؛ چەند مەترێك لە شه‌قامی 100 مەتری بەرینترە و جیا لە دوو سایدی پانی چوار هێڵی سەرەكی، دوو سایدی دەستەڕاستی خزمەتگوزاری شان بە شان و هاوتەریب لەگەڵی درێژ بووەتەوە. شەقامی ١٢٠ مه‌تری، كه‌ شەقامێكی خێرای بێ ترافیكە، نەفەسێكی داوه‌ته‌ هاتوچۆی خنكاوی هەولێر، تێیدا خێرایی ١١٠ كیلۆمه‌تر له‌ یه‌ك كاتدا ڕێگه‌پێدراوه‌ و ده‌وردانی كۆی بازنه‌كه‌ به‌خێرایی ڕێگه‌پێدراو ته‌نیا ٢٣ خوله‌كه‌. جیا له‌وه‌ش یۆتێرنی شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ولێر كه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كیی قه‌ره‌باڵغین، شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری به‌شێك له‌و جه‌نجاڵییه‌ كه‌م كردووه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ی سووڕانه‌وه‌كان ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كه. ئه‌و شه‌قامه‌ سه‌رده‌میانه‌یه‌ی هه‌ولێر ئێستا به‌ده‌ست شۆفێرانی ئه‌و شاره‌ حاڵی په‌ڕێشانه‌.
كاتێك له‌ ڕێگای سه‌ره‌كیی شه‌قڵاوه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر مل ده‌نێی و به‌ شه‌قامی بازنه‌یی ١٢٠ مه‌تریی هه‌ولێردا ڕووه‌و ڕێگای مووسڵ هه‌ڵده‌گه‌ڕێی، ئاسنەپەرژینی ئه‌ملاولای شه‌قامه‌كه‌ به‌ره‌و ڕێگای سه‌ره‌كی ڕێنوێنیت ده‌كات. له‌ ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كه‌ی به‌رده‌مت شه‌قامێكی پانی چوار هێڵی سه‌رده‌میانه‌ درێژ بووه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ی دیمه‌نه‌كه‌ی شێواندووه‌، جیا له‌ نه‌بوونی سه‌وزایی نێوان شه‌قامه‌كان، قوپانه‌وه‌ی ئاسنەپەرژینەكانی ئه‌ملاولای شه‌قامه‌كه‌یه‌ بۆ پاراستن داندراوون، كه‌ نه‌ یه‌ك و دووانه‌ و به‌درێژایی شه‌قامه‌كه‌ وه‌ك تابلۆیه‌كی خه‌مین به‌ته‌نیشتتدا تێده‌په‌ڕن، قوپاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاسنه‌ پته‌وانه‌ شوێنی خۆپیاكێشانی ئۆتۆمبێله‌، به‌ جۆرێك لولو پێچیان خواردووه‌، له‌ دووره‌وه‌ وه‌ك ته‌نێكی ته‌نكی بێهێز دیارن، له‌ كاتێكدا ئه‌وانه‌ به‌رگه‌ی به‌ركه‌وتنی هێزێكی گه‌وره‌یان هه‌یه‌، كه‌چی شوێن هه‌یه‌ زیادتر له‌ شه‌ش مه‌تری چووه‌ته‌ ناوه‌وه‌ و هه‌یه‌ په‌رژینێكی بڕیوه‌ و په‌رژینی سایده‌كه‌ی ئه‌وبه‌ریشی ده‌رپه‌ڕاندووه‌. گه‌ر سه‌رنج ده‌ده‌ی به‌گشتی زۆربه‌ی شوێنه‌كانی پێكان، زیادتر له‌ دوو سێ مه‌ترن و نزیك به‌ دوو مه‌تریش چوونه‌ته‌ ناوه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پێكدادانه‌كه‌ی سووك بووه‌ و كه‌مێكی قوپاندووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌شه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ ڕانانی خۆی پێدا كێشابێت، قه‌پۆزی له‌سه‌ر ئاسنه‌كه‌ نه‌خشاندووه‌، پێكانه‌كان كه‌م نین و ژماره‌یان سه‌رسووڕهێنه‌ره‌.
له‌ ڕێگای سه‌ره‌كیی شه‌قڵاوه‌ ڕووه‌ و ڕێگای مووسڵ و له‌وێوه‌ بۆ نوقته‌ی ده‌ستپێكردن، شوفێران ٤٦٢ جار ئاسنەپەرژینەكانی ناوه‌ڕاستیان بردووه‌ته‌ ناوه‌وه‌، پێكانه‌كان به‌جۆرێكن زۆرێكیان چه‌ند مه‌ترێك له‌ په‌رژینه‌كانی تێك و لوول داوه‌، خۆ په‌رژینی ده‌سته‌ڕاستیش كه‌ پچڕپچڕه‌ و ته‌نیا له‌ شوێنه‌ پێویستییه‌كان داندراون، شۆفێران ٢٠٩ شوێنیان بردووه‌ته‌ ناوه‌وه‌.
تا ڕاده‌یه‌ك سایده‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر له‌مبه‌ر باشتره‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سایده‌كه‌ی دیكه‌ی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری، په‌رژینه‌كانی ناوه‌ڕاستی ١٢٩ شوێنیان تێك و لوول دراوه‌ و په‌رژینی ده‌سته‌ڕاستی ئه‌م سایده‌ش، ٩١ شوێنی به‌ده‌ردی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی براوه‌، ئه‌و ژمارانه‌ له‌كاتێكدان هه‌ندێك شوێنی پێكراو دیاره‌ كه‌ چاك كراونه‌ته‌وه‌.
له‌ به‌دواداچوونه‌كه‌ی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێردا ده‌ركه‌وت، كه‌ هه‌ر خۆپیاكێشانێك به‌ په‌رژینی پاراستن له‌و تیژڕه‌وییه‌دا، به‌پێی نموونه‌ی به‌رده‌ست، دوو بۆ سێ مه‌تر و زیادتریش په‌رژینه‌كه‌ تێك و لوول ده‌دات.
هه‌ڵبه‌ت نه‌خشاندنی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی شۆفێران به‌ سه‌ره‌ڕۆییان له‌سه‌ر ئاسنەپەرژینەكانی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر هه‌ڵیانكۆڵیوه‌، بێ زیان نییه‌ و جیا له‌و زیانه‌ی به‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان گه‌یاندووه‌، زیانی چاككردنه‌وه‌ی په‌رژینه‌كانیش تێچوویه‌كی قه‌به‌یه‌، كه‌ ڕه‌نگبێت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ئه‌و دیمه‌نانه‌ له‌و شه‌قامه‌ سه‌رده‌میانه‌یه‌ی هه‌ولێر بمێننه‌وه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، بۆ هه‌ر مه‌ترێك دانانی ئاسنەپەرژینی پاراستنی سه‌ر شه‌قامه‌كان، ئێستا ١٠٠ بۆ ١٥٠ دۆلاری ئه‌مه‌ریكی تێچووه‌كه‌یه‌تی، به‌و پێیه‌ شۆفێران له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌ سه‌ره‌ڕۆییان كه‌ ٨٩١ شوێنی په‌رژینی شه‌قامه‌كه‌یان تێك و لوولداوه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر شوێنێك به‌لای كه‌مه‌وه‌ دوومه‌تری چاككردن و ١٠٠ دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بۆ هه‌رمه‌ترێك هه‌ژمار بكه‌ین، كۆی تێچووی زیانه‌كانی په‌رژینه‌كه‌ زیادتر له‌ ١٧٨ هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه‌.
به‌پێی گرێبه‌ست، سیانه‌ی شه‌قامه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی ساڵێك له‌ ئه‌ستۆی كۆمپانیای جێبه‌جێكاره‌ و كۆمپانیای خۆماڵی هێمن گرووپ كه‌ شه‌قامه‌كه‌ی ڕۆناوه‌، ئه‌ندازیار ئەمیر عەبدولخالق ئەحمەد بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی ڕێگا لەو كۆمپانیایه‌ ڕایدەگەیەنێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ گرێبه‌ست چاككردنه‌وه‌ی په‌رژینه‌كان كه‌ به ‌هۆكاری خراپ به‌كارهێنان تێك ده‌چن، له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌ نییه‌، كه‌چی له‌ ڕابردوودا و به‌ر له‌ ته‌واوبوونی واده‌ی سیانه‌، زۆر شوێنی په‌رژینه‌كانیشمان چاك كردوونه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی كه‌ شۆفێرانی هه‌ولێر به‌ سه‌ره‌ڕۆییان تێك و لوولیان داوه‌، چاككردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی په‌رژینه‌كانی پاراستنی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر له‌ ئه‌ستۆی شاره‌وانییه‌ و پێناچێ به‌م نزیكانه‌ شاره‌وانیی هه‌ولێر ده‌ست بۆ چاككردنه‌وه‌یان ببات. خۆ ئه‌گه‌ر دواجار چاكیش بكرێنه‌وه‌، شۆفێران جارێكی دی تێكولوولیان ده‌ده‌نه‌وه‌. ئه‌ندازیار ئەمیر ده‌ڵێ: “هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك كه‌ ته‌واو ده‌كرێت، پێویستی به‌ ئیداره‌دانی دروست هه‌یه‌”.
ئێستا تا دێ ژماره‌ی پێكان و قوپاندنه‌وه‌ و تێك و لوولدانی ئاسنەپەرژینە به‌هێزه‌كانی پاراستنی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تریی هه‌ولێر، زیادتر ده‌بێت و تێچووی چاككردنه‌وه‌شیان له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌ت قه‌به‌تر و كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێ، له‌ كاتێكدا كه‌ شۆفێری سه‌ره‌ڕۆ گوێ به‌ ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆ ناده‌ن و كه‌سیش نییه‌ ڕایانبگرێت.

پاشخان:
تێچووی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر 450 ملێۆن دۆلار بووه‌، چوار ساڵ بەر لە تەنگژەیی دارایی كەوتە بواری جێبەجێ كردنەوە و بەسێ بەش بە كۆمپانیا دران، به‌شی یه‌كه‌م له‌ ساڵی ٢٠٠٩ به‌ كۆمپانیای بیانی و دووبه‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی له‌ ساڵی ٢٠١٣ به‌ كۆمپانیایه‌كی ناوخۆ درا، كه‌ دواجار به‌هۆی ته‌واونه‌كردنی، به‌شی یه‌كه‌میش له‌ كۆمپانیا بیانییه‌كه‌ ستێندرایه‌وه‌ و كۆمپانیای خۆماڵی هێمن گروپ كۆی پڕۆژه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرد.