بیرەئاوەکان هەولێریان لە بێ ئاوی ڕزگار کرد

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی دابوو بۆ لێدانی بیری ئاوخواردنەوە بە مەبەستی چارەسەریی کاتیی کێشەی کەمئاوی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگای هەولێر، زیاتر لە حەوت ملیار دینار بۆ لێدان و هەڵكەندنی ١٣٨ بیری ئاوی خواردنەوە درا کە ١٠٤ بیریان بۆ ناو شاری هەولێر و ٣٤ بیریشیان بۆ دەوروبەری بوو کە هەندێکیان بیری جێگرەوەی ئەو بیرانەن کە وشکیان کردووە و تا ئێستا کارکردن لە بەشێکی بیرەکان بەردەوامە و تەواو نەبووە.

لە ١٠٤ بیری تایبەت بە سەنتەری پارێزگای هەولێر کە گوژمەی هەڵکەندنیان ٥ ملیار و ٨٨٢ ملیۆن و ٢٤٠ هەزار دینارە، ٤٨ـیان لێدراون کە ژمارەیەکیان بیری جێگرەوەن بۆ ئەو بیرانەی وشکییان کردووە و ئەوانی دیکەیش لە گەڕەک و شوێنە نوێیەکان و ئەو جێگەیانەی پێویستیان پێی بووە لێدراون، و ٧ بیریشیان ئامێری بیرھەڵکەندنیان لەسەرە و لە ئایندەیەکی نزیک تەواو دەبن. هەر لە پلانیشدایە کە ١٤ بیری دیکە لێبدرێن.
تا ئێستاش بڕی ٢ ملیار و ٨٦١ ملیۆن و ٦٨٤ هەزار دینار بۆ لێدانی بیرەکان خەرج کراوە و بڕیاریشە تا کۆتایی ساڵ ئەم پڕۆسەیە تەواو بکرێت.
تا ئێستا لە شاری هەولێر ٢٠ بیر وشکیان کردووە و ٣٠ بیریش گەیشتووەتە ئەو ڕاددەی کە ناتوانرێت ئاوی لێ هەڵێنجرێت و ئەوانیش بەرەو وشکبوون دەچن، بۆیە دوای بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت پرۆسەی لێدانی بیر دەستی پێ کرد و تەواوکردنی ئەم پرۆسەیەش پێویستیی بە پاڵپشییەتی تەواوی حکومەت هەیە و گوژمەی ملیارێک و ٧٠٠ ملیۆن دینار تێچووی هەڵکەندنی ٣٤ بیری دەوروبەری هەولێرە و لەو بڕە پارەیەش ملیارێک و ١٥٠ ملیۆن دینار خەرج کراوە، بە تەواو بوونی ئەم پرۆسەیە گرفتی کەمئاوی لە سنووری دەوروبەری هەولێر ١٠٠٪ کۆتایی دێت.
ئەو بیرانەی ئێستا لە دەوروبەری هەولێر لێ دەدرێن دابەش دەبنە سەر دوو جۆر، ژمارەیەکیان بیری جێگرەوەن بۆ ئەو بیرانەی وشکیان کردووە و بەشێکیشیان بیری نوێن بۆ گەڕەکە نوێیەکان و ئەو گەڕەکانەی کە فراوان بوون، بۆیە ئەگەر بە ڕێژە وەربگیرێت ئەوا ٧٠٪ی بیرەکان بیری جێگرەوەن و ٣٠٪یان بیری نوێن. لەو ٣٤ بیرەی بۆ دەوروبەری هەولێر لێ دەدرێت تا ئێستا ٢٧ بیر لێدراوە و لەو ژمارەیەش ٢٤ بیریان تەواو بوون و ١٤ـیان کەوتوونەتە کار.

ھەواڵی زیاتر