بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی؛ لەم سیستمە نوێیەدا ڕایی کردنی مامەڵەی کارگەکان چەند ڕۆژێکی کەم دەخایەنێت

لە چوارچێوەی بەردەوامی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەکو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ڕۆتین، مامەڵەی کارگەکان لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بە ئەلیكترۆنی كرا، و یەكەم نووسراوی ئەلیكترۆنیش لە نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵی ئاڵوگۆڕكرا.

كۆڤان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:” بە هەوڵ و کاری نوێنەرایەتیی هەرێم لە بەغدا، بۆ لەمەودوا لە نێوان هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتیی هەرێم لەبەغدا، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی بەغدا، مامەڵەی کارگەکان بە شێوەی ئەلیكترۆنی بەڕێوە دەچێت و مامەڵەكان زۆر خێراتردەبن لە پێشتر كە بەشێوەی پۆستەڕایی دەكران”.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گوتیشی:” پێش بە ئەلیكترۆنی كردنی مامەڵەی کارگەکان هەندێك جار ڕایی كردنی مامەڵەكان شەش مانگی دەخایاند، بەڵام لەو سیستەمە نوێیەدا تەنیا چەند ڕۆژێكی كەم دەخایەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانبەری پێویست بۆ راییكردنی مامەڵەكان دانراوە و یەكەم نووسراویش لە نێوانمان ئاڵوگۆڕ كرا”.
بە ئەلیكترۆنییكردنی مامەڵەی کارگەکان و بەستنەوەی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی بەغدا، هەنگاوێكی گرنگە بۆ خێراكردن و نەهێشتنی ڕۆتین لە مامەڵەی كارگەكان بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان.