پارێزگارى هەولێر: جگە لەوانەى کە دوکانیان لەبازاڕى سیم هەبووە و زەرەمەندبوونە هیچ کەسى دیکە سودمەند نابێت لە پڕۆژەکەدا

سه‌رله‌به‌یانى ئەمڕۆ شەممە 2022.9.3، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەرى  ژمارەیەک له‌به‌رپرسانی دیكه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، بەمەبەستى لەنزیکه‌وه‌ ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەی دروستکردنى بازاڕى سپى لەهەولێر بەسەرکردەوە

دواى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکە و دەستخۆشى لە سەرپەرشتیاران و ئەندازیار و کرێکارانى پڕۆژەکە، پارێزگارى هه‌ولێر ڕایگەیاند: بازاڕى سیم کە بازاڕێکى تەجاوزە و لەژێر تۆڕى پاڵپەستۆى بەرزى کارەبا دروستکراوە و چەند جارێک دووچارى سووتان هاتووه‌، لەدواین جار کە سوتا، ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پارێزگاى هەولێر و فەرمانگەکانى ڕاسپارد ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم خەڵکە کاسبکارە بدۆزرێتەوە، ئەوەبوو بە فەرمانى بەڕێزیان و بۆ پشتیوانیکردن و زەمینە خۆشکردن بۆ کارى کاسبکارانى هەولێر، له‌باشترین شوێن کە لەسەر شەقامى 120م هەولێرە ئەرز ته‌رخانكرا و دەست بەم پڕۆژەیە کرا کە بە نەخشە و دیزاین و شێوە و شێوازێکی سەردەمیانە لە بڕی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان دروست ده‌کرێت، ئێستاش کە ئەم پڕۆژەیەمان بەسەرکردۆتەوە کارەکان زۆر بەباشى و بەڕێژەى 20% بەڕێوەچووە

سەبارەت بە چۆنیەتى دروستکردن و ڕاده‌ستكردنى ئەم دوکانانە بە کەسابکاران، پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بەوەدا، بۆ بارسوکردنى کاسبکاران کە چەندین جار لەبازاڕى سیم زەرمەندبوونە، ئەو بڕە پارەیەى کەدیاریکراوە بیدەن بۆ دروستکردنى دوکانەکان بە 5 قست دەیدەن. هەروەها لەبارەى ئەوە کەسانەشى کە دەیانەوێت بەفێڵکردن خۆیان بکەن بەخاوەنى دوکان و وای نیشانبدەن کە سوودمەند نەبوونە لەوەرگرتنى ئەم دوکانانە، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: “ئەو بازاڕە بەفەرمانى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ خەڵکى کاسبکارى بازاڕى سیم دروستدەکرێت، جگە لەوانەى کە لە بازاڕى سیم دوکانیان هەبووە و زەرەمەندبوونە، هیچ کەسى دیکە سودمەند نابێت لەپڕۆژەی دروستکردنى بازاڕی سپیپارێزگارى هەولێر: جگە لەوانەى کە دوکانیان لەبازاڕى سیم هەبووە و زەرەمەندبوونە هیچ کەسى دیکە سودمەند نابێت لەپڕۆژەکه‌دا
لەکۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر داواى لەکاسبکارانکرد ئەوانەى لەو پڕۆژەیە سودمەند بوونە هاوکار و هەماهەنگ بن و بەخێرایى قستەکانى خۆیان بدەن، تاکو بتوانرێت لەکاتى خۆیدا ئەو بازاڕە تەواوبکرێت و بکەوێتە خزمەت شارى هەولێر و کاسبکارانى
جێگەى باسە، ڕۆژى سێشەممە 2022.4.19، لەژێرچاودێرى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، له‌ڕێوره‌سمێكدا، به‌گوژمه‌ى  (14,412,731,544) چواردە ملیار و چوارسەد و دوازدە ملیۆن و حەفت سەد و سی و یەک هەزار پێنج سەد و چل و چوار دینار،  بەردی بناغەی پڕۆژەی بازاڕی سپی لەهەولێر دانا، کە بازاڕێکی هاوچه‌رخە و لەبڕی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان دروست ده‌کرێت و پڕۆژەکە له‌لایه‌ن كۆمپانیایى (باغى بێسان) جێبه‌جێده‌كرێت و ماوه‌ى ته‌واوكردنى پڕۆژه‌كه‌ش (450) ڕۆژه‌.