مەلا بەختیار لەبارەری پۆستی سەرۆک کۆمارەوە چاوەرێی سوپڕایزێک دەکات

مه‌لا به‌ختیار له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا داوای له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كێشه‌كانی پارێزگای سلێمانی چاره‌سه‌ربكات و  راستییه‌كان به‌ خه‌ڵكی پارێزگاكه‌‌ بڵێت.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ـی ئه‌یلوولی 2022، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی سازكرد و تێیدا باسی له‌ دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، ناكۆكی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد.

له‌باره‌ی كێشه‌كانی ئێستای پارێزگای سلێمانی ناوبراو رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر سلێمانی له‌ڕووی ئابووری و ئیدارییه‌وه‌ شكستبهێنێت، پشكی یه‌كێـتی له‌نێو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێی به‌رپرسیاره‌، هه‌روه‌ها داوایكرد حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مان به‌شێوه‌یه‌كی جیددی كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی شاره‌كه‌ بكه‌ن، بێنه‌ سه‌رخه‌ت و راستییه‌كان به‌ خه‌ڵكی سلێمانی بڵێن.

مه‌لا به‌ختیار سه‌باره‌ت به‌ هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگه‌یاند، زۆرینەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یه‌كێتی ئەو بڕیارەی داوە و ئێمەش پاڵپشتی لە بڕیاری زۆرینەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکەین.

له‌باره‌ی لامه‌ركه‌زییه‌ت بۆ پارێزگای سلێمانی، مه‌لا به‌ختیار ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، لا مه‌ركه‌زییه‌ت بۆ سلێمانی له‌دره‌وه‌ی یاسا و رێسای هه‌رێمی كوردستان و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ به‌غدا شكسیخوارد.

له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق و هه‌ڵنه‌بژاردنی كاندیدێكی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌، مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند، هه‌ر چه‌نده‌ پارتی و یه‌كێتی سوورن له‌سه‌ر به‌ربژێركردنی كاندیده‌كانیان، به‌ڵام چاوه‌ڕێی سه‌پرایزێك ده‌كه‌م. ده‌شڵێت، “ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستاندا نییه‌ و هه‌رێمی كوردستان لاواز ده‌كات”.

له‌باره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و خۆپیشاندانه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی لایه‌نگرانی سه‌در له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگه‌یاند، چاوه‌ڕێی رووداوه‌كانی ئێستای عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستییان ده‌كرد، نزیكترین ئه‌گه‌ریش بۆ دۆخی ئێستای عێراق ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یه‌، چونكه‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان تا راده‌یه‌ك دۆخی عێراق هێورده‌كاته‌وه‌ و مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆش دوورده‌خاته‌وه‌.

ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كێكی دیكه‌ له‌و پرسانه‌بوو كه‌ مه‌لا به‌ختیار له‌میانی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا باسی لێوه‌كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، روونه‌ ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی بیانویستبایه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامبده‌ن، هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌مساڵ ئه‌نجامده‌د‌ران، چاوه‌ڕێش ده‌كرێت هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ به‌هاری داهاتوو دوابخرێن.