ئاگر لە کەمپێکی ئاوارەکان کەوتەوە 

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کەمپی باجدکەندالان-ی ئاوارەکان لە سنووری قەزای سێمێل کەوتەوە و زیانی زۆری مادی بەر ئاوارەکان کەوتووە.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.

رائید حاجی، بەرپرسی هۆبەی بەرگری شارستانی لە سێمێل رایگەیاند: لەوکاتەی پەیوەندییمان پێوەکرا گەیشتینە شوێنی رووداو، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام بەداخەوە زیاتر لە 12 خێمەی ئاوارەکان سووتاون.

بەرپرسی هۆبەی بەرگری شارستانی، دەڵێت: “هۆکاری سەرەکی رووداوی ئاگرکەوتنەوە بێسەروبەری هێڵەکانی کارەبایە لە کەمپەکە”.

کەمپی باجدکەندالان، کەوتووەتە سنووری قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک، لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال دروستکراوە و دانیشتووانی کەمپەکە خەڵکی شنگال و دەوربەری شنگالن، ماوەی هەشت ساڵە لەو کەمپە نیشتەجێن.