چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پەنجەی هاونیشتمانییەک لە بڕینەوە رزگار دەکرێت 

محەممەد دەنگی، هاونیشتمانییەکی تەمەنی 44 ساڵە و دانیشتووی ئامەدی باکووری کوردستانە، تووشی نەخۆشیی بورگەر بووە و گوتوویانە دەبێت پەنجەی پێی ببڕدرێتەوە، بەڵام پزیشکێک پەنجەی محەممەد دەنگی-ی لە بڕینەوە رزگارکرد. 

محەممەد دەنگی، هاونیشتمانی دەڵێت: “32 ساڵە جگەرە دەکێشم. دوو ساڵ لەمەوبەر کێشەی رۆیشتنم بۆ دروستبوو و نەمدەتوانی بە باشی بڕۆم. دواتر زانیم کە تووشی نەخۆشیی بورگەر بووم. گوتیان پێویستە پەنجەت ببڕدرێتەوە. برینەکەی پەنجەی پێم کرمی هەڵهێنا. زۆر دەترسام لە بڕینەوە، ئەم نەخۆشییەش هەر بەردەوامدەبێت. دەستمان بە چارەسەری ماگۆت کرد. برینەکەم ساڕێژ بوو و کرم نەما”.

لەو نەخۆشخانەیەی کە محەممەد چارەسەری تێدا وەرگرت و پەنجەی پێی لە بڕینەوە رزگار کرا، تاوەکو ئێستا 110 تووشبووی نەخۆشیی بورگەر چارەسەرکراون. 

لەگەڵ ئەوەی لە چەند بنکەیەکی پزیشکیدا بەو نەخۆشەیان گوتبوو کە دەبێت ئەو پەنجەیەی ببڕدرێتەوە، بەڵام پزیشکێک بە ناوی محەممەد یڵماز دوایین هەوڵیدا و پەنجەی نەخۆشەکەی لە بڕین رزگارکرد.

محەممەد یڵماز، پزیشک گوتی: “نەخۆشیی بورگەر دەبێتە هۆی تێکدانی کۆئەندامی سووڕان. هەروەها کەسی تووشبوو لەبەر بوونی ژانێکی زۆر سەخت سەردانی پزیشک دەکات. نەخۆشەکەمان بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆرە جگەرە دەکێشێت، تێکچوونێک لە کۆئەندامی سووڕانیدا روویدابوو. ئەمە کاریگەریی گەورەی لەسەر نەخۆشەکەمان دروستکردبوو. لەم جۆرە کەیسانەدا ئێمە شێوازی چارەسەری جیاوازمان هەیە و پێشتریش 110 نەخۆشمان چاککردووەتەوە”.

پزیشکان هۆشداریی دەدەن کە لە ئەگەر هەستکردن بە نەخۆشیی بورگەر، راستەوخۆ نەخۆش دەبێت سەردانی پزیشک بکات، چونکە زوو دەستنیشانکردن زۆر گرنگە بۆ چاکبوونەوە.