پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە دوو رووداوی شەڕکردندا لە سەرکەپکانی رانیە سێ کەس برینداربوون

درەنگانی شەوی رابردوو لە دوو رووداوی جیاوازدا لە شارۆچکەی سەرکەپکانی سنووری قەزای رانیە سێ کەس برینداربوون. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، حەوت کەس لەسەر یەکێک لە رووداوەکان دەستگیرکراون و دوو تۆمەتباریش رایانکردووە.

رووداوەکان درەنگانی شەوی هەینی 2-09-2022 لە گوندەکانی دەڵاڵان و نۆرەی سەر بە شارۆچکەی سەرکەپکان روویانداوە. 

شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لەبارەی رووداوی یەکەم رایگەیاند، دوای ئەوەی هێزەکانیان لە بنکەی پۆلیسی سەرکەپکان لە رووداوێکی شەڕکردن لە گوندی دەڵاڵان ئاگادارکرانەوە کە “لەنێوان دوو بنەماڵەدا” روویداوە، دەستبەجێ هێزەکانیان بە هاوبەشی پۆلیسی فریاکەوتنی رانیە و ئاسایشی سەرکەپکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانرا کۆنترۆڵ بکرێت.

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت، لە ئەنجامی شەڕەکەدا دوو کەس بە ناوەکانی (ئ.م.م) و (ن.ع.م) لە رەگەزی نێر برینداربوون، دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەی گشتیی رانیە چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجام درا و “خۆشبەختانە برینی بریندارەکان سووکە.”

دوو تۆمەتبار لە رووداوی دووەمدا رایانکردووە و کەسێکیش بریندارە

سەبارەت بە رووداوی دووەم، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتی، لەلایەن نەخۆشخانەی گشتیی رانیە ئاگادارکراونەتەوە بە بوونی بریندارێک بەناوی (هـ.ع.ع) کە بەگوتەی بریندارەکە لە گوندی نۆرەی سەر بە ناحیەی سەرکەپکان ”لەلایەن دوو کەسەوە بە ناوەکانی (س.د.ح) و (س.د.ح) کە برای یەکدین” هێرشی کراوەتەسەر و برینداریان کردووە.

بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستی بۆ کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکان کراوەتەوە. هەروەها بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ناوبراو کە بۆ شوێنێکی نادیار رایانکردووە.