پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

جوان حەسەن: کارنەکردن بە نووسراوی کوردی پێچەوانەی دەستوورە

تەندروستیی کەرکووک کار بە نووسراوی زمانی کوردی ناکات و ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت، ئەو بڕیارە جگە لەوەی پێچەوانەی دەستوورە، ھەوڵێکی دیکەی ئیدارەی کەرکووکە بۆ بەعەرەبکردنی کەرکووک.

جوان حەسەن، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “دوو بڕیار ھەن بۆ ئەوەی زمانی کوردی زمانی فەرمییە و نەک لە کەرکووک ئەگەر نووسراو بە زمانی کوردی بۆ بەسرەش بکرێت، ئەوە ئەرکی لایەنی حکوومەتە جێبەجێی بکات، چونکە بەپێی دەستوور زمانی کورد لە تەک زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە.”

ئەندامەکەی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگا گوتی: “ئەو بڕیارە پێچەوانەی دەستوورە و تەندروستیی کەرکووک پێشێلی دەستوور دەکات، چونکە ئیدارەی کەرکووک و پارێزگاری سەپێندراو ھەر دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستیان بەو پیلانە کردووە، ئامادەیە لە شوێنەکان زمانی ئینگلیزی لە تەک زمانی عەرەبی بنووسرێت، بەڵام زمانی کوردی نانووسن”.

جوان حەسەن ڕوونی کردەوە: “ئێستاش بەو ھەموو تەعریب و پیلانگێڕییە ڕێژەی کورد زیاترە لە ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی دیکەی کەرکووک، بەڵام بەھۆی ئەو ڕەوشەی کەرکووکی تێدایە زمانی کوردی فەرامەش کراوە، ئەرکی نوێنەرانی کوردە لە پەرلەمانی عێراق بەپێی یاسا سکاڵا دژی ئیدارەی کەرکووک تۆمار بکەن.”