هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بریندارێکی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی کفری گیانی لە دەست دا

پۆلیسی گه‌رمیان ئاشكرای كرد، ئه‌و گه‌نجه‌ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ شارۆچكه‌ی كفری بریندار ببوو، كه‌مێك پێش ئێستا گیانی له‌ده‌ست دا.

موقه‌ده‌م عه‌لی جه‌مال قدووری گوته‌بێژی پۆلیسی گه‌ڕمیان ڕایگه‌یاند: دوای ئەوەی سه‌رله‌بەیانی ئەمڕۆهەینی لە شارۆچكه‌ی کفری بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کوڕ و باوکێک برینداربوون، به‌داخه‌وه‌ كه‌مێك پێش ئێستا كوڕه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ست دا.

ڕاشیگه‌یاند: كوڕه‌كه‌ ناوی (عه‌لی تارق حوسێن)‌ و له‌دایكبووی 2006ه‌.

باوكیشی ته‌ندروستی باش نییه‌ و به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانی كراوه‌.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ كارگه‌یه‌كی ئاسن له‌ شارۆچكه‌ی كفری له‌نێو پاشماوه‌كان و له‌كاتی كۆكردنه‌وه‌ی ئاسندا، مینێك ته‌قییه‌وه‌.

له‌ ئه‌نجامی ‌ته‌قینه‌وه‌ی مینه‌كه‌، دوو كرێكاری كارگه‌ ئاسنه‌كه‌ كه‌ كاریان كۆكردنه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنی ئاسنه‌كان بوو‌، بریندار بوون و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی كفری كران.