ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی داعشی راگەیاند

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: تۆمەتبار (م ،ع ،ع) لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک، چەند گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە دروشم و پەیامی گروپی تیرۆریستی داعش و هەڕەشەی کوشتن و سەربڕینی لەخۆگرتووە.

هێزەکانی ئاسایش دوای لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە، بەپێی ماددەی (2)ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تۆمەتبارەکەیان لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا لە (27ـی ئابی 2022)دا له قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکردووە.

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا، دانیناوە بەتاوانەکەیدا و چەندین گرتەی ڤیدیۆی دیکە لەناو مۆبایلەکەیدا دەستی بەسەرداگیراوە، لەبەر هەستیاری دۆسیەکە و رەوتی لێکۆڵینەوە، سەرجەم گرتە ڤیدۆییەکانییان بڵاونەکردووەتەوە.