هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پارێزگای هه‌ولێر بە هۆی فرۆشتنی بەنزینى خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى سزادانی (12) بەنزینخانەی تری ڕاگه‌یاند

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م پارێزگای هه‌ولێر بە هۆی فرۆشتنی بەنزینى خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى سزادانی (12) بەنزینخانەی تری ڕاگه‌یاند و ناوی 3 له‌و به‌نزینخانانه‌شی بڵاو كرده‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ جارێك سه‌رپێچییان كردووه‌.

پارێزگای هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: لەم هەفتەیەدا لە کۆى پشکنینى (48) وێستگە، لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر، (12) بەنزینخانەی تر لە هەولێر و دەوروبەرى بەهۆى دەستکاریکردنى كوالیتی به‌نزین و خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بە هاووڵاتییان سزادراون و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.

ڕاشیگه‌یاند: لە سەرەتای مانگى (6)ى ئەمساڵ تاکو ئەمڕۆ پێنجشەم 2022.9.1 کۆی گشتیی ئەو بەنزینخانەی کە سزادراون (254) بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەش (3) بەنزینخانەى تر بەهۆی زیاتر لە جارێک سەرپێچی و دەستکاریکردنى كوالیتیى و فرۆشتنی بەنزینی خراپ بە هاووڵاتییان، ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە.

پارێزگای هه‌ولێر ناوی 3 به‌نزینخانه‌كه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌:-

1-  وێستگەى ئارام محەمەد

2-  وێستگەى باواجى

3- وێستگەى هەڵگورد

پارێزگای هه‌ولێر بڵاویشی كرده‌وه‌: لە ئێستادا بەرھەمی بەنزینی جۆری 800 دینارى نۆرماڵ بە کوالێتییەکی باش لە بەنزینخانەکاندا دەست دەکەوێت و لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێرییکردنى بەنزینخانەکانیش ھەوڵەکانیان چڕترکردۆتەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی خەسڵەت و کوالێتیی بەنزین.

 دڵنیاى هاوڵاتییان و هاوشاریانیشی كرده‌وه‌، لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینى خراپ بفرۆشێتە هاووڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین بکات.

هه‌روه‌ها داواشی لە هاووڵاتییان كرد هاوکاریان بن و لە کاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک، لە زووترین کات ئاگادارى قائیمقامییەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوە