کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی دەستگیرکرا

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردسات کەسێکیان دەستگیركرد كە خوشكەكەی خۆی کوشتووە، لە کاتێکدا پێشتر بە پۆلیس گوترابوو ژنەکە لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیان خۆی هەڵداوەتەوە خوارەوە.

رۆژی پێنجشەممە 1ـی ئەیلوولی 2022، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: 12ـی ئاب بنكەی پۆلیسی كوردسات ئاگاداركرایەوە لە بوونی تەرمێك بەناوی (ك، م، پ)  لەدایكبووی 1993، لە دادپزیشكی سلێمانی، گوتەی كەسوكاری وەرگیرا و رایانگەیاند: لە نهۆمی دووەمی ماڵی خۆیان خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.

خێزانەکە کوردن و دانیشتووی گەڕەکی کوردساتن؛ سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، دوای گوتەی کەسوکاری ئافرەتەکە، گومانیان لادروستبووە و پۆلیسی بەڵگە و تاوان چوونەتە شوێنی رووداوەکە لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، سەرەنجام دەركەوت ژنەکە خۆی هەڵنەداوەتە خوارەوە، بەڵكو لەلایەن براكەیەوە بەناوی (ق، م، پ) لەدایكبووی 1994، بەهۆی كێشەیەكی خێزانییەوە بە پارچە ئاسنێک “لێی دراوە” و بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە لەماڵەوە گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پۆلیسی سلێمانی، کەسی دەستگیرکراو دانی بە “تاوانەکەیدا ناوە” و بەگوێرەی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.

لە ماددەی 405ی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە؛ هەرکەسێک، بە ئەنقەست کەسێک بکوژێت، بە بەندکردنی هەتاهەتایی یان کاتی سزا دەدرێت.

ھەواڵی زیاتر