چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سێ رۆژ ماته‌مینی راگه‌یاند

محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سێ رۆژ ماته‌مینی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران راگه‌یاند و داوای له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش كرد، ماته‌مینی گشتی له‌ وڵات رابگه‌یه‌نێت.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی محه‌ممه‌د حه‌لبووسی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌سه‌ر داوای ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سێ رۆژ ماته‌مینی له‌ناو ئه‌نجوومه‌ن راگه‌یاندووه‌، بۆ گیانله‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌ك له‌ خۆپیشانده‌ران و ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ماوه‌ی رووداوه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردوو.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، محه‌ممه‌د حه‌لبووسی داوا له‌ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ماته‌مینی گشتی له‌ وڵات رابگه‌یه‌نێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، شاندێكی ره‌وتی سه‌در به‌ نوێنه‌رایه‌تی موقته‌دا سه‌در، به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوخه‌می بۆ خێزانه‌كانیان، به‌شداریان له‌ پرسه‌ی كوژراوانی ئاڵۆزییه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی به‌غدا كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (31ـی ئاب/ئۆگێستی 2022)، ساڵح محه‌ممه‌د عێراقی، وه‌زیری سه‌در هێرشێكی توندی كرده سه‌ر چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه‌ داوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كه‌ن و رایگه‌یاند، ئه‌وان قوربانیانی خۆپیشاندانه‌كان وه‌ك تیرۆریست یان زایۆنی ده‌بینن، ئه‌گه‌ر ماته‌مینی رانه‌گه‌یێنن، ئه‌وا له‌مه‌و به‌دواوه‌ وه‌ك ره‌وتی سه‌در ده‌بینه‌ دوژمنی یه‌كه‌میان.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی دوێنێ (30ـی ئاب/ئۆگێستی 2022)، موقته‌دا سه‌رد له‌ باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ رایگه‌یاند، بكوژ و كوژراوانی نێو خۆپیشاندانه‌كان هه‌ردووكیان ده‌چنه‌ نێو دۆزه‌خه‌وه‌، دواتر له‌ په‌یامێكدا، داوای مافی “شه‌هیدانی خۆپیشاندانه‌كانی” له‌ لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند به‌و پرسه‌ كرد وه‌ك كه‌مترین قه‌ره‌بوو‌ بۆ خێزانه‌كانیان‌.