دوای ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆڕی پرۆژەی ئاوی ئیفراز ٣ی هەولێر بەدرێژایی ١١ کیلۆمەتر نۆژەندەکرێتەوە و بەمزووانەش دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند:”بۆڕی پرۆژەی ئاوی ئیفراز٣ی هەولێر، بەدرێژایی ١١ كیلۆمەتر نۆژەن دەكرێتەوە و سەرەتا ٢ هەزار و ٧٥٠ مەتری بۆڕییەکە (لە وێستگەی مارعۆدا تاوەکو ناو شاری هەولێر) نۆژەن دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند: “خەرجی نۆژەن كردنەوەی ئەو بەشە ٥ ملیار دینارە و زۆرترین شکانیش لەماوەکانی ڕابردوودا، لەو بەشەدا بووە، پرۆسەکە ئێستا لە تەندەریندایە و بەمزووانە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت”.
نۆژەنکردنەوەی پرۆژەی ئاوی ئیفراز ٣ی هەولێر لەکاتێکدایە، لەماوەکانی ڕابردوو لە چەند شوێنێک شکا و دوای ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆڕییەکە نۆژەندەکرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣١ی ئابی ٢٠٢٢