ئەمڕۆ چوارشەممە 2022/8/31 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ناوچەى بەفرزۆن و چاره‌سه‌ری کێشە و گرفتى گەڕەکەکانی تەعجیل و عەرەب و خانەقا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە جێگرانی پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و ئەندامانى لیژنەى بەفرزۆن ئامادەى بوون، تیشک خرایە سەر کێشە و گرفتەکانى ناوچەی بەفرزۆن بە تایبەتى گەڕەکەکانی تەعجیل و عەرەب و خانەقا، لەو بارەیەشەوە گفتوگۆ لەبارەى ڕێکخستنەوەى ئەم ناوچانە بە شێواز و دیزاینێکی سەردەمیانە کرا، تاوەکوو هەولێرى پایتەخت لە داهاتوویەکی نزیکدا ببردرێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانکردنەوەوە، پەیوەست بەم بابەتەش كۆمه‌ڵێك پرسی دیکەى په‌یوه‌ندیدار به‌ئیستیملاككردنی خانووەکانی ئەو گەڕەکانە و كێشه هونەرى و کارگێرى و یاساییەکانی تاوتوێ کران. لە تەوەرێکى تر‌ى کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە وه‌زیری شاره‌وانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هه‌ولێر، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه ئه‌و شوێنانه جگە لە داڕوووخان، خه‌ریكه به شێوه‌یەکی نایاسایی لەلایەن کەسانێکەوە سوودیان لێوەردەگیرێت، بۆیه په‌له‌كردن له دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه چاره‌سه‌رییەکان پێویستە و دەبێت له ماوه‌یەکى دیاریكراودا پلانی گونجاویان بۆ دیاری بكرێت. دوای گفتوگۆیەکی تێروتەسەل بریاردرا بە پێکهێنانى لیژنه‌یه‌ك به سه‌رۆكایه‌تیی جێگری پارێزگار و ئه‌ندامیه‌تی لایه‌نه په‌وه‌ندیداره‌كان بۆ ئەوەى له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا سەرجەم چاره‌سه‌رییەکانى ئەو گەڕەکانە لە ڕووى یاسایی و کارگێڕى و هونه‌ری لە ڕاپۆرتێکدا دیارى بکرێت