چاودێرانی سیاسی:هە‌ڵبژاردنی پێشوە‌ختە بێ رێککەوتنی سیاسی چارەسەری کێشەکانی عێراق ناکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە بەغدا و بەسرا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت، لە زۆر شوێن بەتایبەتی لە ناوچەی سەوز رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران رووی دا، لە ئەنجامدا چەندین کەس کوژران و بریندار بوون. بەگوتەی شرۆڤەکارانی سیاسی و مامۆستایانی زانکۆ، بۆ ئەوەی کوردستان لەو دۆخە بە سەلامەتی دەربچێت، پێویستە گوتارێکی یەکگرتووی ھەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە دەنگ بانگەوازی سەرۆکی ھەرێم بێن.

سەرۆک بارزانی، ھەموو کات ھیوای دەخواست عێراق بەو دۆخەی ئەمڕۆ نەگات، بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەرکردە عێراقییەکانی ئاگادار کردۆتەوە، ھەتا لە پێش ھاتنی داعش عێراقی ئاگادار کردەوە، بەڵام سەرکردەکانی عێراق گوێیان بەو قسانە نەدا تا عێراق بە ئەمڕۆ گەیشت، بۆ دەربازبوونی عێراق لەو دۆخە، لایەنە عێراقییەکان جارێکی دیکە روو لە سەرۆک بارزانی دەکەن، بۆ ئەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی عێراق بدۆزێتەوە و عێراق لەو دۆخەی تێ کەوتووە رزگار بکات.
سەرۆک بارزانی، پەیامێکی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوکردەوە و ھیوا دەخوازێت ھەموو لایەک ھەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و دان بە خۆیاندا بگرن.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ھیوای ئەوەشی خواستووە کە لایەنەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانیان چەک و تووندوتیژی بەکار نەھێنن و بیر لەو چارەسەرانە بکەنەوە کە خێر و بەرژەوەندیی گەل و وڵاتی تێدا بێت.
لەلایەکی دیکەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی دۆخی عێراقەوە بڵاوکردەوە و داوای لە لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و رێگە نەدەن دۆخەکە لەوە زیاتر لە کۆنترۆڵ دەربچێت.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، دۆخی وڵاتەکە ئەوپەڕی دانایی و گەڕانەوە بۆ لۆژیک و دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانی و بەرپرسانە و ھاریکاریی ھەمووانی دەوێت، بۆئەوەی عێراق لەو دۆخە سەختە رزگاری ببێت و کار لە کار نەترازێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، خۆپێشاندانی ئاشتییانە مافێکی دەستووریی پارێزراوە، “بەڵام ئاڵۆزی و راگرتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بۆیە دەبێت شکۆی دامەزراوەکانی دەوڵەت پارێزراو بێت و رێگری لە ئەرک و کارەکانیان نەکرێت.
ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە ھەموو ھێز و لایەنە پەیوەندیدارە عێراقییەکانی بانگھێشتی ھەولێر کردووە بۆ ئەوەی کۆببنەوە و دەست بە گفتوگۆ بکەن، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان وەکو ھەمیشە ھاریکار دەبێت بۆ چارەسەری و لێکگەیشتنی لایەنە عێراقییەکان.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: “پەرەسەندنە مەترسیدارەکان کە لە عێراق روویان دا، لە چوونی خۆپێشاندەران بۆ ناو ناوچەی سەوز و چوونە نێو دامەزراوە حکوومییەکان، ئاماژەن بۆ مەترسیداریی دەرھاویشتەکانی بەردەوامیی ناکۆکییە سیاسییە کەڵەکەبووەکان.”
سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ھاوکات فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراقیشە، داوای لە خۆپێشاندەران کرد دەستبەجێ ناوچەی سەوز چۆڵ بکەن و داواشی لە ھەموو لایەک کرد دان بەخۆیاندا بگرن، چونکە دەستدرێژیکردنە سەر دامەزراوە حکوومییەکان کارێکی سەرکۆنەکراو و بەدەرن لە یاسا.
پرۆفیسۆر ساڵح عومەر، مامۆستای زانکۆ، دەڵێ: “پێویستە حکوومەتێکی فریاکەوتن و بەپەلە لە عێراق رابگەیەنرێت، بۆ ئەوەی رەوشی سیاسی و ئەمنی کۆنترۆڵ بکاتەوە”.
ساڵح عومەر، رایگەیاند، دوای سەرکەوتنی موقتەدا سەدر لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن، دادگای فیدراڵی ھەموو ھەوڵێکی دا بۆ ئەوەی حکوومەت پێک نەھێت، بەوەش موقتەدا سەدر بڕیاری کشانەوەی دا، بەمەش چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەو ھەلەی قۆستەوە کە بێتە سەر ھێڵ و خۆی بە شەرعی بزانێت، ئەمەش وای کرد کە ئاڵۆزی لەنێوان لایەنەکان دروست بێت و رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزی بڕوات.
د. سیروان حوسێن، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ “ھەولێر” دیارکرد: “بارودۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە و رەنگە ئاڵۆزتریش ببێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە دەبێت لایەنە شیعەکان سازش بۆ یەکدی بکەن.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ:” لەو بارودۆخەدا دەبێت کورد دەسپێشخەریی ئیجابی بکات، چ بەرامبەر چوارچێوەی ھاوئاھەنگی، چ رەوتی سەدر، وەکو دەبینین سەرۆک بارزانی، ھەروەها سەرۆکی ھەرێم بەردەوام دەسپێشخەریان کردووە بۆ ئەوەی عێراق بە ئەمڕۆ نەگات، بەڵام لایەنە عێراقییەکان گوێیان بە کەس نەدا تا عێراقیان بە ئەمڕۆ گەیاند.
د. سیروان حوسێن، شرۆڤەکاری سیاسی، ئاشکراشی کرد: “بۆ ئەوەی کورد لەو دۆخە بە سەلامەتی دەربچێت، پێویستە ھەڵوێستێکی یەکگرتووی ھەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە دەنگ بانگەوازی سەرۆکی ھەرێم بچن و ھەڵوێستێکی ھاوبەشیان ھەبێت، بۆیە ھەر چی زووە دەبێت کورد ناو ماڵی خۆی بەھێز بکاتەوە.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، بۆ “ھەولێر” روونیکردەوە:” ئەو پێشھاتانەی لە عێراق ھاتوونەتە پێش نیشانەی کەلەکەبووی سیاسییە کە لە ماوەی رابردوو رووی دا، سەدر ھاوپەیمانی ھەبوو لەگەڵ پارتی و سوننەکان بڕیاربوو حکوومەت پێک بھێنن، بەڵام دادگای فیدڕاڵی خۆی خستە ناو بابەتەکە و دەستێوەردانی سیاسی کرد، خوێندنەوەی ھەڵەی ھەبوو بۆ بارودۆخی عێراق، بەوەش رێگر بوو حکوومەت پێک بێت، ئەگەر لایەنی دەرەکی نەھێتە پێشەوە رێگر نەبێت لەو دۆخەی کە ھاتووتە پێشەوە، بارودۆخی عێراق رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت.
ئەو چالاکوانە، دەشڵێ: “کەس نازانێت رەوشی عێراق بە کوێ دەگات، ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق روودەدات وا دەکات عێراق بەرەو تونێلێکی تاریک ھەنگاو بنێت، دەبێت حکوومەتێکی کاتی پێک بێت، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی رەوشەکە بکات و ئامادەکاری بکات بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەگەرنا بارودۆخی عێراق خراپتر دەبێت.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، زیاتر دەڵێ:” دادگای ئیتحادی ھەتا ئەگەر بڕیار بدات ھەڵبژاردن بکرێت، ئەگەر ھەڵبژاردنیش بکرێتەوە، لایەنێک کورسییەک زیاتر یان کەمتر دێنێتەوە، ئەوەی کرا ھەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە بوو، دەرئەنجامەکەی دیارە، بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە بێ رێککەوتنی سیاسی بکرێت، کێشەکانی عێراق چارەسەر ناکات و بارودۆخە ھێور نابێتەوە”.

ھەواڵی زیاتر