پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

تەنیا لە مانگی ڕابردوودا، ١٠ ھەزار کەس لە شنگال ئاوارە بوونە

عەلی عەباس جهاکیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە:” لەیاسای ئاسایشی خۆراکدا بودجەیەک بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری فریاگوزاری ئاوارەکان تەرخانکراوە، لەنێویاندا ٣٧ ھەزار ئاوارەی عێراقی لە ٢٨ کەمپی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە”.

گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ‌پلانیاندایە لە ماوەی شەش مانگدا ژمارەیەکی دیاریکراوی پەنابەری عێراقی لە کەمپی ھۆلی سووریاوە بگوازنەوە بۆ کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا. جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی ٥٠٠ خێزان لە کەمپی ھۆل بگوازرێنەوە و تاوەکو ئێستا ١٥٣ خێزان گواستراونەتەوە و لە قۆناغی داھاتوودا ١٥٠ خێزانی دیکەش دەگوازرێنەوە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی ئاوارەکاندایە بەھۆی ئەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ھاوکاریەکانیان زۆر کەمکردۆتەوە و بڕیارە تا کۆتایی ساڵ سەرجەم ھاوکاریە مرۆیەکانیان ڕابگرن.
سروەڕسول، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای ھەولێر، بۆ “ھەولێر” ڕایگەیاند:” ئێستا کۆی گشتی پەنابەر و ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک دەبن، ٣٧٤ ھەزاریان لە ١٠ کەمپی سنووری پارێزگای ھەولێر دەژین، کە ٦ کەمپ تایبەتن بە ئاوارەکان و ٤ کەمپەکەی دیکەش تایبەتن بە پەنابەران، بەردەوامین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئەو پێداویستییانەی کە ھەیانە لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان ھیچمان لێ کەم نەکردۆتەوە و حکوومەتی ھەرێم ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ ئاوارە و پەنابەراندەکات”.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای ھەولێر، گوتیشی:” ھاوکارییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بوونەتەوە، لە پارێزگای ھەولێر کێشەیەکی زۆر گەورەمان ھەیە یونسێف پاشەکشەی کردووە و ھیچ ھاوکاری ئێمە ناکات، بۆیە ئێستا ئێمە وەکو پارێزگای ھەولێر لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کەرتە جیاجیاکان ھاوکاریی ئاوارە و پەنابەران دەکەین، بەتایبەتی کۆکردنەوەی زبل و خاشاک، بەوەش بارگرانییەکی زۆری کەوتۆتە سەرشانی حکوومەتی ھەرێم، بە سوپاسەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوبەشی سەرەکییە و ڕۆڵی گەورەی ھەبووە لە سوککردنی بارگرانی ئاوارە و پەنابەران لەسەر حکوومەتی ھەرێم.
سروە ڕەسول، جەختی لەوەشکردەوە:” حکوومەتی عێراقیش وەکو ڕێکخراوەکان پشتی لە ئاوارە و پەنابەران کردووە و ھیچ ھاوکاری ئەوان ناکات، جاران سەلەی خۆراک دابین دەکرا، بەڵام ئێستا ئەوەش نەماوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئێستاش لە ناوچەکانی خۆیان سەلەی خۆراک دەداتە ئاوارەکان، بەڵام بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ھەرێمی کوردستان دەژین ڕاگرتووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئاوارەکانی عێراقن لە ھەرێمی کوردستان دەژین.
سروە ڕەسول، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای ھەولێر، ئاشکراشی کرد: “حکوومەتی ھەرێم ھەموو ھەوڵێکی داوە کە ئاوارە و پەنابەران خۆشترین و باشترین ژیانیان ھەبێت، ھەموو مافێکمان پێداوە، ھەتا ئێستا خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەوان بێ بەرامبەرن، بەڵام ئەوە بارگرانییە لەسەر حکوومەتی ھەرێم، بۆیە ڕێکخراوەکان دەبێت لەسەر دوو شت کار بکەن،یان ھاوکاری ئاوارە و پەنابەران بکەن، یان پێویستە کار بکەن بۆ گەڕانەوەی ئەوان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام تا ئێستا بارودۆخی ناوچەکانی ئەوان لەرووی ئەمنییەوە نالەبارە، ئەگەر خاڵە سنوورییەکان لەبەردەم ئەوان کراوە بن ڕۆژانە بە سەدان ھەزار کەس ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، تەنها لە مانگی ڕابردوو لە شنگال زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس ھاتوونەتە سنووری دھۆک، ڕۆژبەرۆژیش ژمارەی ئاوارە و پەنابەران زیاتر دەبێت، بۆیە کۆچی پێچەوانە ھێشتا بەردەوامە، بەتایبەت لە پارێزگای نەینەوا و لە شنگال خەڵک دیسان دەگەڕێنەوە و ناوی خۆیان تۆمار دەکەن و ئەوەش پەیوەندیی بە بارودۆخی ئاسایش و خزمەتگوزارییەوە ھەیە، بۆیە تا ئێستا بارودۆخی ئەو ناوچانە لەرووی ئەمنی نالەبارە و ڕۆژانە شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکانی ئەوان ھەیە، بۆ ئەوەی نەتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بکەن بۆ ئەوەی کێشەی ئەوان چارەسەر بکەن، چونکە ناکرێت تا ھەتایە ئەوان نەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ڕاستە ھەتا ئەوڕۆژەی ئەوان پێویستیان بە ئێمە ھەبێت خزمەتیان دەکەین و بە زۆرەملێ نایانگەڕێنینەوە، بەڵام ڕۆژێک ھەر دێت ئەوان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان”.