د. ئاشتی بەرزنجی:نابێت گەنجان لە خۆیانەوە هیچ چارەسەرییەك بۆ زیپكە بەكار بهێنن

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

بەشێكی زۆری هەرزەكاران كاتێك تووشی زیپكە دەبن، پەنا بۆ چەندین چارەسەری دەبەن، بەشێكیان بێ گەڕانەوە بۆ لای پزیشك چارەسەری سروشتی بەكار دەهێنن و خۆیان تووش دەکەن.

دلڤین محەمەدئەمین، گەنجێكی 23 ساڵانە ئەو ماوەیەكە توشی زبیكەی دەموچاو بووە؛ روومەتی زیپكە دەرکردووە؛ هەروەك خۆی ڕوونی دەكاتەوە چەندین كرێمی گیراوەی كوردەواری و گیادەرمانی بەكار هێناوە بەڵام سوودی لێ نەبینیوە، بەڵكو بەشێكی زۆری شوێن زیپكەكانیشی بووەتە پەڵە و نازانێت چی بكات بۆ چارەسەری.
شیڤان جەلال بەهەمان شێوەوەك خۆی ڕوونی دەكاتەوە چەندین چارەسەری كردووە و تەنانەت هەر خۆراكێكیش كە پێیان وتبێت هۆكارە بۆ زۆربوونی زیپكە، وازی لێ هێناوە و نایخوات، دەشڵێت مەراقمە مشتێک گوڵەبەڕۆژە بتووکێنم، بەڵام ناتوانم بیخۆم چوونكە زیپكەم لێ زیاد دەكات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە پزیشكییەكان نزیکەی ٢٦٪‏ ی مێ و ١٢٪‏ ی نێر لەوانەیە زیپکە بەردەوام بێت تا تەمەنی ٤٠ ساڵان؛ ئەم زیپكانەش لە نێرینەدا زۆرتر و توندترە بە پێچەوانەی مێینە.
زیپکە بریتیە لە ھەوکردنی درێژخایەنی چەورییە ڕژێنەکان و سەلکی مووەکانی پێست و لە ھەموو تەمەنێکدا ڕوو دەدات، بەڵام لە ھەرزەکاردا زیاترە و لە نێوان تەمەنی ١٢ -٢٤ ساڵاندا زیاترە.
د. ئاشتی ئەحمەد سەعید بەرزنجی پسپۆڕی پێست و جوانکاری ڕوونی دەكاتەوە كە زیپكە حاڵەتێکی باوی پێستە و ھەموو تاکێک ڕۆژێک لە ڕۆژان تووشی دەبێت. زیپکە لە تەوێڵ (نێوچەوان) و لووت و سەر ڕوومەت و شان و سنگ و پشت دەردەکەوێت.
د. ئاشتی بەرزنجی لە بارەی هۆكارەكانەوە ڕوونی دەكاتەوە كە بریتییە لە:
زۆر دەردانی چەوری لە لایەن ڕژێنی sebaceous gland لە کاتی هەراشیان و پێگەیشتن واتە “باڵغبوون” گۆڕانکاری لە هۆرمۆنات وادەکات ڕژێنە کان چەورییەکی زیاتر دەربدەن؛ کونیلەکان بگیرێت بە بەکتریا و چڵک و ھەو بکات؛ پێش سووڕی مانگانە ماوەی حەفتەیەک زیپکە زیاد دەکات لە خانماندا؛ وەرگرتنی دەرمان وەک کورتیزۆن و تستستیرۆن ھتد ئەوانەش هۆكارن؛ جگە لەوانەش خواردنی حازربەدەست (فاست‌فود) کە چەورییەکی زۆری تیدایە، لەگەڵ زۆر خواردنی شیرینی و کاربۆھیدرات و بەکارھێنانی کرێم و ئارایشتی چەور و دڵەڕاوکێ (سترێس)ـیش دەبێتە ھۆی زیادکردنیی زیپکە و لێخشاندن و بەرکەوتنی شتومەک لەگەڵ پێست وەک مۆبایل.

زیان و لێکەوتەی زیپکە
زیپکە بۆ هەندێ کەس دەبێتە ھۆی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و دوورەپەرێزی؛
سپی یاخود قاوەییداگەڕانی شوێنی زیپکە؛
مانەوەی شوێنی زیپکە لەسەر روومەت بە شێوەی چاڵ یان گرێ.

چارەسەری زیپكە
د. ئاشتی بەرزنجی ئامۆژگاری گەنجان دەكات كە لە خۆیانەوە هیچ چارەسەرییەك بەكار نەهێنن و بۆ وەرگرتنی چارەسەری بە پێویستی دەزانێت كە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی پێست بكرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری گونجاو بە پێی ھۆکار و جۆری زیپکە کە هەروەها کۆنترۆڵکردنی زیپکە و دواتر چارەسەرکردنی ئاسەوارەکانی بە لێزەر .

ھەواڵی زیاتر