لە سلێمانی و موسڵ هەڵبژاردنی نێوخۆیی پارتی بەڕێوەدەچێت 

ئەمڕۆ سێیەم رۆژی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامانی کۆنگرەی حیزبەکە و لە چوار بازنە هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەکەش دەڵێت: “لە هەندێک شوێن دوو و لە هەندێک شەش نوێنەر هەڵدەبژێدرێن، ئەوەش بەگوێرەی رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان دەگۆڕێت.”

رۆژی یەکشەممە 28ـی ئابی 2022، نەجات حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: “لە دەستەی رێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان لە بازنەی ناوەندی لقی چوار، لە بازنەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، لە بازنەی خانەقین و لە لقی 14ش هەڵبژاردن دەکرێت.”

نەجات حەسەن گوتیشی: “لە هەندێک شوێن دوو نوێنەر هەڵدەبژێردرێن، لە هەندێک پێنج و شەش هەڵدەبژێردرێن، ئەوەش بە گوێرەی دەرەنجامی دەنگەکان و ژمارەی بەشداریکردن.”

ئەندامانی کۆنگرە لە رێگەی ئۆرگانەکانی پارتییەوە هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنەکە رۆژی شەممە 27-8-2022، دەستیپێکرد و مانگ و نیوێک دەخایێنێت. لە 163 بازنەدا ئەندامانی کۆنگرە هەڵدەبژێردرێن؛ نزیکەی 800 ئەندام بەشداریی کۆنگرەکە دەکەن و دابەشی پێنج پارێزگا کراون؛ 25% ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ئافرەت بن.

تائێستا بە دیاریکراوی رۆژی کۆنگرەی 14ی پارتی دیارینەکراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە کۆتایی مانگی 10 بۆ سەرەتای مانگی 11ـی ئەمساڵ کۆنگرەکە لە شاری دهۆک دەکرێت.

دوایین کۆنگرەی پارتی کە کۆنگرەی 13 بوو، لە ساڵی 2010 بەسترا، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە، دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکرێت، بەڵام پارتی دەڵێت، بەهۆی شەڕی داعش و دواتریش پەتای کۆرۆنا، کۆنگرەی 14 دواکەوت.

ھەواڵی زیاتر