300 خێزانی ئاوارەی شنگال دەگوازرێنەوە بۆ ناو کەمپی کەبەرتوو

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دهۆک، ڕایگەیاند، ئەو ئاوارانەی شنگال کە لەناو هەیکەلی بیناکاندا لە گوندی سێجی سەر بە قەزای سێمێل لە سنووری پارێزگای دهۆک دەژین دەگوازرێنەوە بۆ ناو کەمپی کەبەرتوو. گوتیشی، نزیکەی 300 خێزانی ئاوارەی شنگال ساڵی 2014 ڕوویان کردە گوندی سێجی و لەناو هەیکەلی بیناکاندا نیشتەجێ بوون.

پیر ده‌یان جه‌عفه‌ر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دهۆک رایگەیاند: ”پڕۆسەی گواستنەوەی ئاوارەکانی ناو هەیکەلی بیناکانی گوندی سێجی سەر بە قەزای سێمێل لەم ڕۆژانەدا دەست پێ دەکات و دەگوازرێنەوە بۆ ناو کەمپی کەبەرتوو، لەوێ جێیان بۆ دابین کراوە، هەر ئاوارەیەکی بییەوێت دەگوازرێتەوە و بە حەز و ئارەزووی خۆیان ئەو کارە دەکرێت بۆ ئەوەی زیاتر هاوکارییان پێ بگات و خزمەتی خەڵکی ئێزدیمان بکرێت”.

لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 15 کەمپی ئاوارەکانی شنگال هەن و زیاتر لە 330 هەزار ئاوارە لەناو ئەو کەمپانەدا نیشتەجێ کراون کە بە ڕێژەی 92٪ی خەڵکی ناو کەمپەکان کوردی ئێزدین و ئەوانەی دیکەش کوردی موسڵمانن”.

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دهۆک گوتیشی: ”لە کەمپی کەبەرتوو لە سنووری دهۆک لەلایەن ڕێکخراوێکەوە شوێن و خێوەت بۆ ئاوارەکانی ناو هەیکەلی بیناکانی گوندی سێجی دابین کراوە و 300 خێزانی ناو هەیکەلی بیناکانی گوندی سێجی دەگوازرێنەوە ناو کەمپەکان”.

پیرده‌یان جه‌عفه‌ر ئاشکرایشی کرد: ”ئاوارەکانی شنگال چاوەڕێن ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال جێبەجێ بکرێت، بەڵام هەتا ئێستا بە هیچ شێوەیەک ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، ئێمە زۆر جار بە نووسراوی فەرمی داوای جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەمان لە بەغدا کردووە، بەڵام بەغدا وەڵام ناداتەوە”.

لە لایەکی دیکەوە، جه‌هوه‌ر عه‌لى به‌گ، وەکیلی میری ئێزدییان رایگەیاند: ”ئەوە هەشت ساڵە خەڵکی شنگال ئاوارەن و هەتا ئێستا بەغدا نەیتوانیوە ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شنگال دابین بکات و خەڵکی زەرەرمەندی شنگال قەرەبوو بکاتەوە، ئێمە هیوادارین بەغدا دەست بە ڕێکاری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال بکات، چونکە ئەو ڕێککەوتنە کلیلی چارەسەری ڕەوشی شنگالە، هەتا ئێستا هەزاران خێزانی ئێزدی لەناو هەیکەلی بیناکاندا ژیانیان تێپەڕ دەکەن، بۆیە خەڵکی شنگال پێویستیان بە پشتیوانی و هاوکاری هەیە و پێویستە بەغدا خۆی لێ بێدەنگ نەکات”.

تیرۆریستانی داعش لە ڕۆژی 3/8/2014 هێرشیان کردە سەر شنگال و لە ئەنجامدا خەڵکی شنگال تووشی جینۆساید بوون و زیاتر لە 360 هەزار کەسی ئێزدی ئاوارە و زیاتر لە شەش هەزار و 417 کەسیش گیران و ڕفێندران کە هەتا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 550 کەسی ڕفێندراو ڕزگار کراون.