دوو گەنجی کورد لە کەرکووک دەڕفێنرێن و تەرمی یەکێکیان دەدۆزرێتەوە 

ژمارەیەک چەکدار لە رۆژهەڵاتى کەرکووک دوو هاونیشتمانیی کورد دەڕفێنن و یەکێکیان شەهید دەکەن و ئەوەى دیکەیان تاوەکو ئێستاش بێسەروشوێنە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دۆسیەیەکى لێکۆڵینەوەیان بەگوێرەى یاساى تیرۆر بۆ ئەو رووداوە کردووەتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ 29ى ئاب 2022، تەرمى هاونیشتمانییەکى کورد لە کەرکووک دۆزرایەوە کە بە چەقۆ کوژراوە. بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو کە لە هێزە ئەمنییەکانى کەرکووکەوە دەستی کەوتووە، شەوى رابردوو حەوت چەکدار کە ماتۆڕسکیلیان پێبووە لە ناوچەى جەبەل بۆر لە رۆژهەڵاتى شارەکە کە دوو کیلۆمەتر لە شەقامى بازنەیی کەرکووک دوورە، دوو هاونیشتمانى کوردیان رفاندووە و تەرمى یەکێکیان دۆزراوەتەوە کە شەش چەقۆ بە پشت و سکیەوە بووە و چارەنووسی هاونیشتمانییەکەى دیکە نادیارە.

هەر بەگوێرەى ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون ، بەر لە رفاندنى ئەو دوو هاونیشتمانییە، چەکدارەکان سێ هاووڵاتیى عەرەبیان دەستگیرکردووە و مۆبایلەکانیان پشکنیون، بەڵام ئازادیان کردوون.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە پۆلیسی کەرکووک کە نەیويست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: “بەگوێرەى یاسای تیرۆر دۆسیە بۆ ئەو رووداوە کراوەتەوە، بەڵام یەکلایی نەبووەتەوە کە چەکدارەکان سەر بە رێکخراوى داعشن یان نا، بە فەرمانى دادوەر سێ هاووڵاتییە عەرەبەکە دەستبەسەرکراون و لێکۆڵینەویان لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەوەى زانیارییان دەستبکەوێت لەبارەى ناسنامەى چەکدارەکانەوە”.

ھەواڵی زیاتر