پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا و نەجەف دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەڵگری دەستپێشخەرییەکی سەرۆک بارزانییە بۆ دەربازبوونی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی و بۆ ئەم مەبەستەش، سەردانی بەغدا و نەجەف دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: وابڕیارە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا و نەجەف بکات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەڵگری دەستپێشخەرییەکی سەرۆک بارزانییە بۆ دەربازبوونی عێراق لە بنبەستی سیاسی و لە سەردانەکەیدا، دەگەیەنێتە لایانە عێراقییەکان.”

سەرچاوەکە، ئاماژەی بە کاتی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا و نەجەف نەکرد.

زیاتر لە 10 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە و لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە لەبارەی چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ رێکبکەون.

مانگرتنی لایەنگرانی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە پێش باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق، دۆخی سیاسیی وڵاتی ئەوەندەی دیکە ئاڵۆزتر کرد. سەدرییەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.

چوارچێوەی هەماهەنگی، دووپاتیان کردووەتەوە، لاریان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە، بەڵام پێویستە ئەو پەرلەمانەی سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات، کۆببێتەوە و پرسی هەڵبژاردن و یاسای پەیوەندیدار تاوتوێبکات.