هۆشداری دەدرێ لەوەی داعش دووبارە ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراق بقۆزێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

وەک ئاشکرایە ئێستا عێراق لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە خراپترین دۆخی سیاسیس خۆیدایە، ئاڵۆزییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرەیان سەندووە و هێشتا برینێک ساڕێژ نەبووە کەچی برینێکی تر سەرهەڵدەدات. مەترسی ئەوە لە ئارادایە گرووپە تیرۆریستییەکان بە گشتی و داعش بە تایبەتی جارێکی تر دۆخەکە لە قازانجی خۆیاندا بقۆزنەوە و نەهامەتییەکی تر بۆ خەڵکی ناوچەکە و جیهان بهێننە کایەوە.

لە عێراقی فیدراڵ بەردەوام ململانێ و ناکۆکیس ناوخۆیی هەبووە، بەشێک لەو ناکۆکییانە لە ڕابردوودا پێوەندیدار بوون بە شیعە و سوننە و بەشێکی تریش پێوەندیدار بووە بە کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر و بەغدا، ئێستا کێشە سەرەکییەکە لە نێوان شیعە و شیعەدایە و ناکۆکییەکان تا ئاستی شەڕی ناوخۆیی بەرەو پێش چوون و هێشتا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون لە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە بەدی ناکرێت.

بەدەر لەو بازنەیەی کە زۆربەی میدیاکان خۆیانیان پێوە خەریک کردووە و ڕۆژانە باس و خواست و مانشێتی بەشێک لە ڕۆژنامە و میدیاکان لەخۆ دەگرێت و هەڵوێستە جیاوازەکانی لایەنە ناکۆکەکانی تێدا دەخرێتە ڕوو، هەڕەشەیەکی تر خۆی مەڵاس داوە کە ئەزموونی جینۆساید و ماڵوێرانی و ئاوارەکردن و جەنگێی ماڵوێرانکەری هەبووە و بەم دۆخە ناسەقامگیرە دڵخۆشە و خەریکی خۆڕێکخستنەوە و ئامادەکارییە بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە قەیرانەکان وەربگرێت.
پێشتر ئەوە سەلمێنرا کە یەکێک لە کاریگەرییە خراپەکانی ناکۆکی شیعە و سوننە لە ڕابردوودا سەرهەڵدانی داعش بووە و ناوچەی سوننەنشینی عەرەبی لە ڕکی سیاسەتی باڵادەست، باوەشی بۆ تیرۆر و مەترسیدارترین مرۆڤەکان کردەوە و ئەم جارە دیار نییە لایەنەکان لە دژی یەکتر هانا بۆ چ بژاردەیەک دەبەن.
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام، کە ساڵی ٢٠١٤ لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعات یەکێک لە گەورەترین شارەکانی عێراقی داگیر کرد و پاش چەند مانگێک یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی خستە ژێر ڕکێفی خۆی، هیچ تاوانێک نەما بەرانبەر بە خەڵکی عێراق و سەرجەم پێکهاتەکان بە تایبەتی گەلی کورد نەیکات و نەشبێتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئاشتی جیهان، ڕێکخراوەکە لەسەر دەستی پێشمەرگە شکستێکی گەورەی بەرکەوت و دواجار بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سوپای عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ لە عێراق شکستی هێنا و ساڵێک دواتر لە سووریاش هیچ قەلەمڕەوێکی نەما.
نەمانی قەلەمڕەو و دەسەڵاتی داعش هەرگیز بەو واتایە نەبووە ئەو ڕێکخراوە دووبارە سەرهەڵنەداتەوە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان نەهێنیتە کایەوە. بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و تەنانەت ڕێبەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ڕابردوودا چەندین جار هۆشدارییان داوە لەوەی ڕێگە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش بگیرێت و ئەوە بە پێویست زانراوە بە هەموو هێزەوە توانای سەربازی و فکری و هەواڵگری ڕوبەڕووی ئەو چەکدارانە ببنەوە کە خۆیان حەشار داوە.
لە ساڵانی دوای کەوتنی مووسڵ تا ڕادەیەک هەماهەنگی وهاوکاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ بنبڕکردنی تیرۆر لە ئارادا بووە بەڵام ئەو هەوڵانە سنووردار بوون. ڕێک لەو کاتەوە کە ناکۆکییەکانی ناوخۆی عێراق لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ پەرەیان سەندووە و هەموو چاوەکان خراونەتە لەسەر پرسی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و ئەگەری دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تیرۆریستانی داعش بە بێدەنگیی خەریکی خۆرێکخستنەوەن و دیار نییە ئەم جارە بە چ شێوەیەک دەبنە مایەی مەترسی.
بەبیرهێنانەوەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە نیوەی یەکەمی ئەم مانگە بڵاو کرایەوە، داعش لانی کەم ٥٠ ملیۆن دۆلاری هەیە و زۆربەی داهاتەکەشی لە عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت. داهاتەکە بۆ چەکداران و خێزانەکانیان چ لە کەمپەکان و چ لە دەرەوەی کەمپەکان خەرج دەکرێت. ئەوان وازیان لە سەرانە وەرگرتن و ڕفاندن و بازرگانی نایاسایی نەهێناوە و بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی دەستخستنی پارە دەدەن.
جگە لەمە هەزاران منداڵ و ژنی چەکدارانی پێشووی داعش لە کەمپەکان دەستبەسەرن. هەندێک ئەندامی کەمپی هۆل لە سووریا ئەندامی تەواو مەترسیداری ڕێکخراوی داعشن. کەم نین ئەو چەکدارانەی لە کەمپەکان هەڵدێن وەک چۆن ژمارەیەکی زۆری زیندانیی لە گرتووخانەی حەسەکە لە سەرەتای ئەمساڵ ڕایان کرد و هەندێکیان تیرۆریستی زۆر مەترسیدار بوون.
بەدەیان هەزار منداڵی خوار تەمەن ١٢ ساڵ لە ژێر مەترسی مێشکشۆرنەوەدان و داعش کاریان لەسەر دەکات بۆ ئەوەی بیانکاتە سوپای داهاتووی خۆی. جگە لەمە ١٠ هەزار چەکداری داعش لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن و هەردەم مەترسی هەڵاتنی ئەو زیندانییانە لەئارادایە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە چارەیەکیان بکات. لەو گیرەاوانە حکوومەتی عێراق دوو هەزار و ٥٠٠ کەسی گەڕاندووەتەوە بەڵام هێشتا ٢٨ هەزار عێراقی لە کەمپەکانی سووریان و حکوومەتی عێراق لەبەر پرسی کێشەکانی خۆی ئەم کێەشە گەورەیەی بە تەواوی لەبیر کردووە، جگە لەمە کاربەرێکەرە و توانای چارەسەرکردنی هەموو کێشەیەکی نییە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش بە ئاشکرا گوتوویەتی داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و دەتوانێت هێرشی مەترسیدار ئەنجام بدات. هەر بە پێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان شەش تا ١٠ هەزار چەکداری داعش لە نێوان عێراق و سووریا لە گوند و دەشت و دۆڵ و تەپۆڵکەکان خۆیان حەشار داوە کە زۆربەیان عێراقی و سوورین. بەشێک لەو چەکدارانە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە مۆڵگەی خۆیان و هەر ئەمساڵ لەو ڕووبەڕووبوونەوانەی لە دژیان ئەنجام دراوە دەیان سەربازی عێراقی کوژراون.
دۆخەکە ئەوە دەخوازێت بەلەبەرچاوگرتنی هەنگاونان بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی عێراق، هێز و توانا سەربازی و هەواڵگرییەکان لە دژی داعش سارد نەبنەوە و ڕێگری لە سەرهەڵدانی کارەساتێکی تر بگیرێت.

ھەواڵی زیاتر