د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: دوور نییە لایەنە ناکۆکەکان تووشی پێكدادانی چەكداری بن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ ھەولێر دیارکرد، ئەگەر بارودۆخی عێراق ھەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، لایەنە ناکۆکەکان تووشی پێكدادانی چەكداری بن. دەشڵێ، پێویستە کورد دابەش نەبێت بەسەر دووبەرەدا، کورد بەیەک ھێز، بەیەکبەرنامە و یەک پاکێج خۆی ئامادە بکات، نەچێتە ژێر باری ھیچیەک لەو دوو تەڕەفە، ئەگەر بەو شێوەیە بێت کورد بە ھێزەوە دەتوانێت مامەڵە بکات و دەستکەوتەکانی خۆی بپارێزێت.

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێ: “نەبوونی ھەستی بەرپرسیارەتی لەلایەن لایەنە سیاسییەکان و نەبوونی ئیرادە، نەبوونی ویستێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەست ھەڵگرتن لە ھەندێک بەرژەوەندییە حزبیەکانی خۆیان، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی عێراق و گەلەکەی ھەموو ئەو ھۆکارانە وای کردووە کە بارودۆخەکە بە ئەمڕۆ بگات، ئەگەر بارودۆخەکە ھەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، زیاتر گرژی و ئالۆزیڕوو دەدات، ھیچ دووریش نییە کە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا دروست نەبێت.
حەداد، گوتیشی: “تەنیا چارەسەر ئەوەیە کە لایەنە ناکۆکەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، بۆیە نابێت لایەنەکان دەرگای گفتوگۆ دابخەن، چونکە ھیچ شتێک بە توندوتیژی و جووڵاندنی شەقام چارەسەر نابێت، لە دوای ٢٠٠٣ عێراق بڕیاری داوە و دەستی بەوە کردووە کە وڵاتێکی فڕە دیموکراسی بێت وڵاتێکی فیدڕاڵی بێت، ئەگەر بنەماکانی دیموکراسی پێشێل بکرێت، کۆی پڕۆسەی سیاسی عێراق و سیستەمی حوکمڕانی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە چارەسەر ئەوەیە کە ھەموو لایەنەکان پێکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن گفتوگۆیەکی نیشتمانی بکەن، ھەموو لایەنەکان لە سەقفی داواکارییەکانی خۆیان بێنە خوارەوە، بە میکانیزمی دەستووری، ئەوەی لە دەستوور داھاتووە کێشەکان بەو شێوەیە چارەسەر بکەن، چ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بێت، چ پێکهێنانی حکوومەتێکی تازە بێت، ھەر گۆڕانکارییەک لە سیستەمی سیاسی بکرێت، پێویستە بەڕێکاری یاسایی و دەستووری بێت.
د. بەشیر حەداد، جەختی لەوەش کردەوە: “تا ئێستا ھیچ شتێک دیار نییە، بۆیە پێناچێت وا بە ئاسانی لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن، لەبەر ئەوەی ناکۆکی و ڕقیان گەیشتووتە ئاستێک دەرگای گفتوگۆیان لەسەریەک داخستووە، بەڕاستی پێویست بەوە دەکات خەڵکێکی دیکە فشار بکەن بۆ ئەوەی بارودۆخەکە ھێور بکرێتەوە، چونکە ئەگەر وا بڕوات دوور نییە بارودۆخی عێراق بشێوێنرێت و ھیچ دوور نییە، دیسان نەتەوەیەکگرتووەکان عێراق بخاتە ژێر بەندی حەوتەم و ھەموو چارەنووسی عێراق لەژێر ئەو بەندەدا بێت و عێراق و خەڵکەکەی تووشی کێشە ببن.
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: “ئەگەر ھەموو لایەنەکانڕێک بکەون لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوە شتێکی باشە، چونکە ھەڵبژاردن پێویستی بەڕێکاری یاسایی و دەستووری ھەیە، ناکرێت ھەر وا بە ھەڕەمەکی ھەڵبژاردن بکرێت، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە پێویست بەوە دەکات ھەندێک بڕیاری دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکرێت، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری کۆتایین، تانەیان لێ نادرێت، پێویستە ھەڵبژاردن بەیاسای ئێستا نەکرێت، پێویستە یاساکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بۆ گۆڕینی یاساکە و کۆمیسیۆن پێویست بەوە دەکات پەرلەمان کۆبێتەوە، دانیشتنێک بکرێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تا حکوومەتێکی کاتی پێک بهێنرێت، ئەم حکوومەتە کاتییە زەمینە سازی بکات بۆ ھەڵبژاردنێکی دیکە، چونکە ھەڵبژاردنی داھاتوو کاری حکوومەتی دەوێت، بودجەی دەوێت، حکوومەتی ئێستا حکوومەتێکی کاربەڕێکەرە ناتوانێت بودجە دابین بکات بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو، ھەموو ئەمانە پێویستی بە دانیشتنی پەرلەمان ھەیە بۆ تەواوکردنی ئەو کارانە ئەو کات دەست بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، لەگەڵ ئەوەش دادگای ئیتحادی ھۆکار بوو بۆ ئەوەی عێراق بە ئەمڕۆ بگات.
بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، زیاتر گوتی: “کورد پێویستە بەخۆدا بچێتەوە، ئەوەی کە لە پێشتر بووە لە ئێستادا دەبێت دووبارە نەبێتەوە، پێویستە کورد دابەش نەبێت بەسەر دووبەرەدا پێویستە کورد بەیەک ھێز، بەیەک بەرنامە و یەک پاکێج خۆی ئامادە بکات، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، نەچنە ژێر باری ھیچیەک لەو دوو تەڕەفە، بۆیە دەبێت بەیەکەوە بڕیار بدەن،یەک بەرنامەیان ھەبێت بۆ گفتوگۆ نەک ھەریەک بە تەنھا، ئەگەر بەو شێوەیە بێت کورد بە ھێزەوە دەتوانێت مامەڵە بکات و دەستکەوتەکانی خۆی بپارێزێت”.

ھەواڵی زیاتر