بەرپرسی لقی ٢٦: شەش کادیرمان سەرکەوتن بۆ کۆنگرە

دوێنێ رۆژی شەممە وەک یەکەم لقی پارتی لە سنووری باڵەکایەتی کۆنفڕانسی ناوخۆیی بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی پارتی لە سنووری لقی ٢٦ بەڕێوەچوو، بەرپرسی لقەکەش دەڵێ، پرۆسەکە بەشێوەیەکی ھێمنانە و لە کەشێکی دیموکراسی دا بەڕێوەچوو.

حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی ٢٦ی باڵەکایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “دوێنێ شەممە کۆنفڕانسی ناوخۆیی پارتی بۆ کۆنگرەی ١٤ لە سنووری باڵەکایەتی بەڕێوەچوو تێیدا لە کەشێکی دیموکراسی دا ئەندامانی پارتی توانیویانە نوێنەری خۆیان بۆ کۆنگرە ھەڵبژێرن، پرۆسەکە زۆر بە شێوەیەکی ھێمنانە بەڕێوەچوو بەبێ ھیچ گرفتێک ھەڤاڵانی ئێمە توانیان بەشداری لە کۆنفڕانسدا بکەن و نوێنەری خۆیان ھەڵبژێرن لە سنووری لقی ئێمە شەش کادیر سەرکەوتن بۆ کۆنگرە و نوێنەرایەتی ئەندامانی پارتی دەکەن لە سنوورەکە “.

بەرپرسی لقی پارتی گوتی: “ھەرچەندە لە سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ھەولێری پارتی یەکەم لق بووین کۆنفڕانس بەڕێوەبەرین و سیستەمی ئەمجارەش جیاوازبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەیەکی سەرکەوتوو ئەنجامدرا، رێژەی بەشداریکردنی ئەندامانی ئێمەش زیاتر لە ٦٧% بوو کە ژمارەیەکی زۆریش بەھۆی نەبوونی کاتەوە نەیانتوانی بەشداری بکەن “.

حەسەن حەدۆ ڕوونیشیکردەوە: “رێنمایەکانی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی وەک خۆیان جێبەجێکران، دەرکردنی ھەندێ بڕیار و رێنمایی کاریگەری ھەبوو لەسەر بەڕێوەچوونی کۆنفڕانس، ئەندامانی پارتی زۆر بە بەرپرسیارانەوە ھاتنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ململانێی نێوان کاندیدانیش لە چوارچێوەی پارتایەتی دەرنەچوو، واتە بە ھەموو لایەک پشتگیری بڕیار و رێنمایەکان بوون”.

ھەواڵی زیاتر