چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هەرێمی کوردستان نامەکەی سۆمۆ ڕەت دەکاتەوە و جەخت لە دیالۆگیش دەکاتەوە

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هەوڵی نوێی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ دەکات کە هەفتەی ڕابردوو لە نامەیەکدا هەڕەشەی لە کڕیاران و بازرگانانی نەوتی کوردستانی کردبوو. ئەو هۆشدارییە سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری دەزانێ و بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکاتەوە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نامەکەی سۆمۆی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: “هیچ نییە جگە لە دڵۆپێک لە زانیاریی نادروست کە وەکوو شەڕی سیاسی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکار دێت .”
لە وەڵامی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا ویستی هاوبەش بۆ دیالۆگ لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق جەختی لێ کراوەتەوە، ئەو گفتوگۆیە وەکو ئاماژەی پێ کراوە ئامانجەکەی پلانێکی هاوبەشی بەڕێوەبردنە بۆ کەرتی وزەی عێراق و داهاتەکەی بەگوێرەی دەستوور، بەڵام ئەو هەنگاوانە بە سیاسی و نادەستووری دادەنێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەروەها دەڵێ: “هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی پەرە بە سەرچاوە هایدرۆکاربۆنییەکانی بدات لە چوارچێوەی دەسەڵاتی وەکو هەرێم و بەردەوامیش دەبێت لەسەر هەنگاوەکانی بەگوێرەی دەستووری عێراق و یاسا لە هەرێمی کوردستان، هاوکات باس لەوەش دەکات، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و هەناردە دەکرێت و دەشفرۆشرێت، هەروەها پەرەی پێ دەدرێت و وەبەرهێنانیشی تێدا دەکرێت .”
چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی چالاک پەرەی بە کەرتی وزەی خۆی داوە، ئەوە لەنامەکەی سیناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکاش باس کراوە، ئێستاش نزیکەی 430 هەزار بەرمیل ڕۆژانە بەرهەم دێنێت
لە چارەگی یەکەمی 2021 هەرێمی کوردستان نزیکەی 77 ملیۆن و 350 هەزار بەرمیلی بە ڕێگەی بۆری هەناردە کرد، سێ ملیۆن و 950 هەزار بەرمیلییش بۆ پێویستی ناوخۆ، داهاتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا نزیکەی 4 ملیار دۆلار بوو لە نەوتدا، بەڵام بەشێکی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دەگەڕێتەوە و داهاتی پوختە گەیشتە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار.
هەرێمی کوردستان ئێستا خەریکی پەرەپێدانی گازیشە، لەمانگی ئادار مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لەندەن ڕایگەیاند: “ئامادەین بەشێک لە پێویستییەکانی ئەورووپا بە گازی سرووشتی پڕ بکەینەوە.”
هاوکات وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاندووە: “بە تەواوی پابەندین بە گفتوگۆ و هەوڵی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق.”
بەپێی دەستووری عێراق،دەبێ داهاتی نەوت و گاز دادپەروەرانە دابەش بکرێتە سەر هەموو دانیشتوانی عێراق، بەڵام بەغدا ئەوەی نەکردووە 7 ساڵە بە ناتەواوی و چەند ساڵێک هەر بودجەی کوردستانی دەنێرێت،بۆیە هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەغدا ئەو قەرزانەی لەسەریەتی هی ساڵانی ڕابردوو بیداتەوە هەرێمی کوردستان، چونکە ماف و شایستەی خۆیەتی و پێی نەدراوە، هاوکات هەنگاوەکانی ئەمدوایەی عێراقیش ڕەت دەکاتەوە.
هەرچەندە دەستوور بە ڕوونی لە ماددەکانی 112 و 115ـی ماف دەداتە هەرێمی کوردستان کە سیاسەت و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بەڕێوە ببات، بەڵام بەغدا لەرێگەی داواکارییانەوە دەیەوێت دەست بەسەر هەموو داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکاندا بگرێت، کوردیش ئامادە نییە ئەوە بکات، ئەو مشتومڕە چەندین ساڵە بەردەوامە.