چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بوودجەی توركیا 40ملیار دۆلار کورتی هێناوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

حكوومەتی توركیا، 182.5ملیار دۆلار قەرزارە، جیا لەوەش تا كۆتایی ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت كورتهێنانی بوودجەكەی بگاتە 40ملیار دۆلار، ئابووریناسان دەپرسن توركیا چۆن رووبەڕووی ئەم كارەساتە ئابوورییەی دەبێتەوە؟

توركیا لەلایەك پارە قەرزاری بانكەكانی وڵاتانی بیانییە و دەبێت بیداتەوە، لەلایەكی تریشەوە كورتهێنانی بوودجەی هەیە، پارەی پاشکەوت (یەدەک)ـی بانكی ناوەندی توركیاش 100ملیار دۆلارە، بەڵام ناتوانێت دەست لەو پارەیە بدات و بەتەواوی بەكاری بهێنێت.
لەو پارە یەدەکەی توركیا، ٧ملیار دۆلاری پارەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییە، هەروەها 26ملیار دۆلاریش لە ئاڵوگۆڕدایە لەگەڵ سیستەمی بانكی (SWAP)، هەروەها 40ملیار دۆلاریشی بە زێڕ هەیە.
كەواتە لەو پارە یەدەکەی توركیا هەیەتی، تەنیا دەتوانێت 30ملیار دۆلاری بەكار بهێنێت؛ جیا لەوەش ئەگەر بیەوێت كورتهێنانی بوودجەی 2022 پڕ بكاتەوە، سەرەتا دەبێت هەوڵ بدات پارە قەرزەكانی بداتەوە، چونكە سووی دێتە سەر.
قەرزی توركیا دەگاتە 182.5ملیار دۆلار، ئەمەش بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (BBC) توركی. بۆ ئەوەی بەشێك لە قەرزەكانی بداتەوە، دەبێت لە شوێنی تر قەرز بكات، واتە شوێنێك پڕ دەكاتەوە، كونەقەرزێكی تر دەكرێتەوە.
وەكو ئەوەی ئابووریناسان باسی دەكەن، توركیا پێویستە ساڵانە 15ملیار دۆلار قەرز بداتەوە، لەگەڵ كورتهێنانی بوودجەكەی دەگاتە 55ملیار دۆلار، ئەی توركیا ئەو پارەیە لە كوێ پەیدا بكات و چۆن كێشەكانی چارەسەر بكات، تاكە رێگە بەهێزكردنی پارەی یەدەکی بانكی ناوەندییە.
بۆ ئەوەی پارەی یەدەکی بانكی ناوەندی بەهێز بێت، دەبێت پارە لە دەرەوە بێتە توركیا، تاكە رێگەش بۆ هێنانی ئەو پارەیە گرنگیدانە بە كەرتی گەشتوگوزار، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەرزی هاوین بەرەو كۆتا دەڕوات، بۆیە قازانجی توركیا لە كەرتی گەشتوگوزار، تەنیا دوو مانگی ماوە و لە مانگەكانی تردا، داهاتی گەشتوگوزار بەرەو كەمی دەچێت.
یەكێكی تریش لە كێشەكان ئەوەیە، لە وەرزی زستاندا توركیا پێویستی بە گازی سروشتییە، گازی سروشتییش نرخی گران بووە، بۆیە لەوێشدا توركیا پێویستی بە پارەیە و ناتوانێت پارەی یەدەک بەهێز بكات.
ئابووریناسان پێیان وایە، توركیا ناتوانێت قەرز بكات تا كورتهێنانی بوودجەی پێ پڕ بكاتەوە، بەڵام رەنگە چارەیەكی كاتی بدۆزێتەوە، واتە چارەسەرەكە تەنیا رۆژانە و باجەكەشی دوایی دەدرێتەوە، چونكە هاتنی پارە لە دەرەوە بۆ توركیا هیچ رێگەیەكی تری نییە.

ئەگەر توركیا قەرزەكانی نەداتەوە چ دەقەومێت؟
تاكە رێگە لە بەردەمی توركیا بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بوودجەی 2022، دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەوەی چۆن بتوانێت قەرزەكانی بداتەوە.
دەبێت توركیا لەگەڵ ئەو لایەنانە دابنیشێت تا دانەوەی قەرزەكانی بۆ درێژ بكەنەوە، هەروەها ئەو سووەی هاتووەتە سەر قەرزەكانی كەمی بكاتەوە، وەكو ئەوەی یۆنان هەمان رێگەی گرتە بەر و توانی هەناسەیەک بداتەوە بەر خۆی لە ڕووی ئابوورییەوە.
ئەگەر ئەو رێگەیەش سەركەوتوو نەبوو، ئەوكات لەڕووی ئابوورییەوە دووچاری كێشەیەكی زۆر گەورە دەبنەوە، چونكە پەیوەندی توركیا لەگەڵ بانكە نێودەوڵەتییەكان دەپچڕێت و ئیدی هیچ بانكێك و وڵاتێك قەرز ناداتە توركیا.
وەكو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، حكوومەتی توركیا بڕی 55ملیار دۆلاری لە سعوودیا و قەتەر و رووسیا وەرگرتووە، تا بەر لە هەڵبژاردنی 2023، بتوانن لە سێكتەرەكاندا بەكاری بهێنن و لەڕووی ئابوورییەوە توركیا بگەشێتەوە، بەتایبەت لە زستاندا نرخی گازی سروشتی كەم بكەنەوە، بەڵام دیار نییە ئەو پارەیە بەقەرز دەدرێتە توركیا، یان وەكوو هاوكارییە بۆ ئەوەی ئاكەپە بتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە؟