هەولێر.. هەڵمەتێک بۆ پاککردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو بەڕێوەدەچێت

لە هەولێر بە بەشدرای شارەوانییەکان، هەڵمەتێک بۆ پاککردنەوەی مەنهۆڵ و رێڕەوەکانی ئاو دەستیپێکردووە، بۆ ئەوەی لە وەرزی بارانبارین کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو کەمبکرێتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “ئەو هەڵمەتە ماوەی مانگێک دەخایەنێت بە چوار قۆناغ لە رێگەی هەر شەش شارەوانییەکانی هەولێر ئەنجامدەدرێت، هەروەها هەڵمەتێکی دیکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەولێر بۆ کردنەوەی رێڕەوە سرووشتییەکان لە دەرەوەی شار بەڕێوەدەچێت”.

گوتیشی: “لە هەڵمەتی پاککردنەوەی مەنهۆڵ، گەڕەک و بازاڕە میللییەکانە، جگە لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە حکومییەکان، رێکخراوەکانی ژینگەپارێزیش بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە”.

پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوەشکرد: “بەپێی ئەو دیراسەی ساڵی رابردوو لە بازاڕە میللییەکان کراوە، مێز و عارەبانە و کاری خەڵک، هۆکارێک بوونە بۆ کۆبوونەوەی ئاو لەو شوێنانە، بۆیە هەڵمەتەکە تەنها پاککردنەوە نییە، بەڵکو ئیجرائاتی دیکەش دەکرێت”.

باسی لەوەشکرد: “بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو چەند پڕۆژەیەکی دیکە لە هەولێر دەستیپێکردووە، کە بریتین لە کردنەوەی رێڕەوەکان، دروستکردنی سندووقی ئاوەڕۆ، دروستکردنی پرد و لادانی زێدەڕۆکان”.

ھەواڵی زیاتر