چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هەفتەی داهاتوو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەفتەی داهاتوو لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ (28ـی ئاب) لەسەر دوو پرسی ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان، قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد.

بە پێێ قسەکانی هەورامی، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی یاسایی بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوور راسپاردووە.

لە ناو لیژنەی یاساییدا، نوێنەری هەموو حزبە بەشداربووەکانی پەرلەمان جیا لە یەکگرتوو، ئازادی و سەردەمی تێدایە و وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، داوا لەو حزبانەش کراوە نوێنەری خۆیان بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوور، رەوانەی لیژنە پەرلەمانییەکە بکەن.

هێمن هەورامی، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بۆ نموونە ئەمڕۆ لەسەر هەڵبژاردن رێکبکەون، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەو رۆژەوە بەلانی کەمەوە پێویستی بە شەش مانگ هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.

دەبوایە رۆژی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنکەوتنی لایەنە سیاسییەکان، ناتواندرێ لەو رێکەوتەدا پرۆسەکە بەڕێوەبچێت.

تەمەنی یاسایی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، کۆتایی پێدێت، بەو پێیە هەرێمی کوردستان پێ لە قۆناغی بۆشایی یاسایی دەنێت.

بڕیارە رۆژی 7ـی مانگی ئەیلول، پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و پرسی هەڵبژاردن، گەرمترین تەوەری گفتوگۆکان دەبێت.