کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا. بەگوێرەی ئامارەکانیش لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 28 کۆڵبەر و کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکان گیانیان لەدەستداوە.
رێکخرای مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند: “دوێنێ 26/8/2022، لە سنووری بروشکانی سەر بە شارۆچکە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی رێبوار رەشیدی تەمەن 30 ساڵ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە، ناوبراو خەڵکی گوندی قولیاوای بانە بووە و باوکی دوو منداڵ بووە و هاوسەرەکەشی دووگیانە”.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی 35 رۆژدا ئەمە پێنجەم کۆڵبەرە لە ناوچەی بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکان بکوژرێت.
ئەرسەلان یار ئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی رایگەیاند: “لە ماوەی هەشت مانگی رابردوو 28 کۆڵبەر و کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکان گیانیان لەدەستداوە، لەنێوایاندا 15 کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێراقن کوژراون و 208 کەسی دیکەش برینداربوونە”.
گوتیشی: “زۆربەی قوربانییەکان لە سنووری شارۆچکەکانی پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان و بانەی سەر بە پارێزگای سنە بوونە”.
سەبارەت بە ئامارەکانی ساڵی رابردووی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران، ئەرسەلان یار ئەحمەدی گوتی: “ساڵی 2021 لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 52 کۆڵبەر و کاسبکار گیانیان لەدەستداوە و 163 کەسی دیکەشیان برینداربوونە”.