زاخۆ.. چوونی گەشتیاران بۆ چوار ناوچەی گەشتیاری قەدەخە دەکرێت

شوێنێکی گەشتیاری لە گوندی پەرەخی سنووری زاخۆ کە خاوەنەکەی 70 هەزار دۆلاری لێ خەرجکردووە، بەهۆی تۆپبارانەکەوە نزیکەی 20 ملیۆن دینار زیانی بەرکەوتووە و 30 کەسیش کە لەوی کاریان دەکرد، بێ کار مانەوە. دوای تۆپبارانەکە چوونی گەشتیاران بۆ چوار سەیرانگەی گەشتیاری لە سنوورەکە قەدەخە کرا.

مەسعود عەلی، خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکەیە رایگەیاند: “ئەمە 10 ساڵە ئێرە ئاوەدانە و ئەم شوێنەمان لێرە دروستکردووە، زیانی زۆرمان بەرکەوتووە، هەروەها چەندین خێزانیش [کە کەسێکیان لەوێ کاری دەکرد] بێ داهات مانەوە.”

دوای تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ، جگە لە سەیرانگەی ئەو گوندە، قەدەخەی هاتووچۆ بۆ سەیرانگەکانی دەشتەخ، شەرانش و بهێرێش راگەییندرا، بەوهۆیەوە رێژەی چوونی گەشتیاران بۆ سنوورەکە کەمی کردووە.

مەتین تەتەر، گەنجێکی بێکاری سنوورەکەیە و دەڵێت، “ئەمە ماوەی مانگێکە ئەم شوێنە داخراوە، من لێرە کارم دەکرد، بەڵام ئێستا بە بێ کار لە ماڵەوە دانیشتووم. داوا لە حکومەت دەکەم کە رێگە بدات گەشتیاران بێنە ئێرە.”

حوسێن موسا، گەنجێکی دیکەی سنوورەکەیە و باس لەوە دەکات: “ئێمە هەموو بێ کار ماوینەتەوە، پێشتر زۆر گەشتیار سەردانی ئەم شوێنە گەشتیارییەیان دەکرد. هەفتانە نزیکەی 200-300 پاس گەشتیارانیان لە عێراقەوە دەهێنایە ئێرە، بەڵام ئێستا هەموومان بێ کارین.”

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی دەرکار، بەهۆی تۆپبارانەکەی تورکیاوە بۆ ناوچە گەشتیارییەکەی گوندی پەرەخ، 300 کەس لە خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان، کرێکا و فرۆشیار بێ کار بوون.

دلشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار وتی: “هەندێک دووکاندار لەوی هەنگوین و بەرهەمی سرووشتییان بە گەشتیاران دەفرۆشت، خاوەنی سەیرانگەکان زۆر خەرجییان کردووە و کەرتی گەشتیاری بە گشتی [لە سنوورەکەیان] زۆر زیانی کردووە.”

لە 20ـی تەممووزی 2022 سوپای تورکیا تۆپبارانی سەیرانگەی گوندی پەرەخی لە سنووری زاخۆ کرد کە بەهۆیەوە نۆ گەشتیاری خەڵکی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گیانیان لەدەستدا و 26 گەشتیاری دیکەیش بریندار بوون.

ھەواڵی زیاتر