سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

سامانه‌ سرووشتییه‌كان: بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی ده‌ستووریی نین

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی نامه‌یه‌كی كۆمپانیای به‌ بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق، ناسراو به‌ “سۆمۆ”ی دایه‌وه‌.

له‌ وه‌ڵامنامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كاندا، به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ی سۆمۆ ده‌كات، كه‌ رۆژی 23ی ئه‌م مانگه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

رۆژی (23ی ئاب/ ئۆگێستی 2022)، سۆمۆ رایگه‌یاندبوو، رێکاری یاسایی له‌ دژی كڕیارانی و بازرگانانی نەوتی خاوی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌به‌ر.

له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كاندا هاتووه‌: نامەکەی سۆمۆ هیچ نییە جگه‌ له‌ دڵۆپێكی دیكه‌ له‌ زانیاری هه‌ڵبه‌ستراو و چه‌واشه‌كارانه‌ی سۆمۆ و به‌شێكه‌ لە شەڕێکی سیاسی.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئه‌و شه‌ڕه‌ی سۆمۆ هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكدانی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و درووستكردنی به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌میاندا.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، نامه‌كه‌ی سۆمۆ درێژكراوه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی دادگای فیدراڵییه‌، كه‌ دژی هه‌رێمی كوردستان گرتوویانه‌ته‌ به‌ر.

له‌ نامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كاندا، ره‌خنه‌ له‌ دادگای فیدراڵی گیراوه‌ و ئه‌وه‌ هاتووه‌، كه‌ دادگای باڵای فیدراڵی نییه‌ و بڕیاره‌كه‌ی پابەندکەر نییە. ئەمەش لەبەرئەوەی هێشتا دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی دەستووری فیدراڵی پێکنەهاتووە. بۆیە  بڕیاره‌كانی  هیچ قورسایییەکی یاسایی لە عێراق و شوێنەکانی دیکەدا نییه‌.