په‌يامى سه‌رۆکی هەرێمی کوردستان له‌ يادى ئه‌نفالى باديناندا 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكیدا لە یادی ئەنفالی بادیناندا رایدەگەێنێت، پێویستە هەرچی زووە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق قەرەبووی كەسوكاری قوربانییان بكاتەوە. لە هەرێمی كوردستانیش دەبێ خزمەتی زیاتری كەسوكاری قوربانییان بكرێت و لەگەڵ بە دۆكیومێنتكردنی تاوانەكە، هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەك جینۆساید بناسرێت.
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان..
ئەمڕۆ یادی 34 ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان دەكەینەوە كە وەك دوا قۆناغی ئەنفال لە 25ی ئابەوە تا 6ی ئەیلوولی 1988 سوپای ئەوسای عێراق دەرهەق بە پێكهاتە جیاكانی خەڵكی بادینان ئەنجامی دا. سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدان دادەنوێنین و بە شكۆوە یادیان دەكەینەوە، سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كەسوكاریان دەنێرین.
تاوانی ئەنفال كە هەر لە گەرمیانەوە تا دوا قۆناغی لە بادینان (182) هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی كوردستان تیایدا بوونە قوربانی و شەهید كران، وەك دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دانی پێدا ناوە، جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتییە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق قەرەبووی كەسوكاری قوربانییان بكاتەوە. لە هەرێمی كوردستانیش دەبێ خزمەتی زیاتری كەسوكاری قوربانییان بكرێت و لەگەڵ بە دۆكیومێنتكردنی تاوانەكە، هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەك جینۆساید بناسرێت.
لەم یادەدا جەخت لە یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە كە تاقە گەرەنتی پاراستنی مافە دەستوورییەكان و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان و داهاتوویەكی باشتری نەوەكانمانە، هەر ئەوەش ڕێگر دەبێت لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانەی بە درێژیی مێژوو دەرهەق بە هەموو پێكهاتەكان و خاك و ئاو و هەوا و سروشت و ژینگەی كوردستان كراوە.
یادی شەهیدان هەمیشە و بەرز و شكۆدار بێت، سوپاس و ڕێز و پێزانین بۆ جوامێریی خەڵكی هەولێر و بەحركە و دەوروبەریان كە لە كەمپی زۆرەملێی جێژنیكان بە هانای لێقەوماوانی بادینانەوە چوون و یارمەتییان دان. میهرەبانی و مرۆڤپەروەرییان هەرگیز لەبیر ناكرێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2022/8/25