دوو تۆمەتبار لە سلێمانی دەستگیرکران

له‌دوو چالاكی‌ جیادا مه‌فره‌زه‌كانی‌ نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕاپه‌ڕین‌و نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕزگاری‌ دوو تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركرد كه‌ دزییان كردبوو.

پۆلیسی سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتییه‌ك سكاڵای‌ تۆماركرد كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر قاڵبی‌ ته‌ختەی سه‌قفی‌ لێدزراوه‌، هێزه‌كانی‌ پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكردو توانرا تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ده‌ستگیربكرێت.
پۆلیس ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، له‌چالاكییه‌كی‌ دیكه‌دا مه‌فره‌زه‌كانی‌ نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕزگاری‌ تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركرد كه‌ بڕێكی‌ زۆر كێبڵی‌ كاره‌بای‌ له‌وێستگه‌ی‌ كاره‌بای‌ ناوچه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ دزیبوو.
پۆلیسی سلێمانی راشیگه‌یاندووه‌، له‌ئێستادا هه‌ردوو تۆمه‌تبار (گ، م، ب) له‌دایكبووی‌ 1992 و (د، م، ت) له‌دایكبووی‌ 1993 به‌بڕیاری‌  دادوه‌رو به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 446 له‌یاسای‌ سزادان ڕاگیراون‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌.