ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئاب، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوای كۆماری ئیسلامی ئێران كرد .
لە دیدارەكەدا كە نەسروڵڵا ڕەشنوودی كونسولی گشتی ئێران لە هەولێر ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە بەتایبەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانكاری بۆ هاتووچۆ و گەشتیاری لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، تاووتوێ كرا.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، باس لە گرنگی هەماهەنگی و هاریكاری لە نێوان هەردوولادا كرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێكەوتە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەش و هەوا و كێشەی كەمئاوی لە ڕێگەی دەستڕاگەیشتن و سوود وەرگرتنی هاوبەش لە سەرچاوە ئاوییەكانی نێوان هەردوولا كرا.



