عێراق بە ٩٠ملیار دۆلار یەدەگ و ١٠ملیار دۆلار داهاتی مانگانە لەژێر گەندەڵی و هەژاریدا نوقم بووە

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

هەرچەندە بەپێی زانیاریی بانکی ناوەندیی عێراق، یەدەگی عێراق لە کۆتایی ساڵدا دەگاتە 90 ملیار دینار، بەڵام هێشتا گەندەڵی دەستی لە بینەقاقای عێراقدایە و نەتوانراوە ئەو داهاتە زۆرەی عێراق هەیەتی بخرێتە خزمەتی خەڵک .

بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێ: “بەرزبوونەوەی یەدەگی بانکیی عێراق هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، پێشبینی دەکەین یەدەگی دراو لە کۆتایی ساڵدا بگاتە 90 ملیار دینار، یەدەگی زێڕیش 131 تۆن بێت، داهاتی عێراق لەچاو ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. بەپێی گوتەی عەمار خەلەف، جێگری بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی، ئێستا یەدەگ 80 ملیاری تێپەڕاندووە؛ ئەوە لەکاتێکدایە لە دیسێمبەری رابردوودا 64 ملیار دینار بوو.
سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی ئێستای عێراق کاربەڕێکەرە و بودجە نییە؛ لە 2020 و2021 یشدا بەهۆی کۆرۆنا و نرخی نەوت داهاتی دابەزی، بەڵام ئێستا داهاتی بە تەواوی بەرز بووەتەوە، ئەوەشی گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە دۆخی خەڵکە، عێراق لە مانگی تەمووزدا 102 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە بە تێکڕا رۆژانە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، داهاتی مانگێکیشی لە نەوتدا زیاتر لە 10 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵیش عێراق 61 ملیار و 371 ملیۆن دۆلاری کۆ کردووەتەوە لە داهاتی نەوتدا، ئەو داهاتە لەچاو هەمان ماوە لە 2021 دا دوو هێندە بوو، پارساڵ 33 ملیار دیناری کەم کردووەتەوە .
سەرەڕای ئەو داهاتە زۆرە بەڵام هێشتا هەژاری لە عێراق لە ئاستیكی بەرزدایە، ٪30تێپەڕاندووە، لە نێو گەنجانیش ٪36ـە، گەندەڵییش لە بەرزترین ئاستدایە و هەر ئەو گەندەڵییەش وەزیری دارایی بەرەو دەستلەکارکێشانەوە برد .
شکست و بنبەستی سیاسی لە عێراق، خەڵك و لایەنەکانی بێزار کردووە. خەڵک لە پرۆسەی سیاسیدا وای کردووە خەڵک ماندوو و بێزار بێت و چاوی لەوە بێت حکوومەتی نوێ شتێکی بۆ بکات، لە 10 مانگی رابردوودا لەوەتەی هەڵبژاردن کراوە، خەڵک لە عێراق چاوی لەوە بووە حکوومەتی نوێ بتوانێ کێشەکانیان چارەسەر بکات و کۆتایی بەو مشتومڕە سیاسییە بهێنرێت چەندین مانگە هەیە.
لە دوایین راپۆرتیدا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق هۆشداری دا کە پرۆسەی سیاسی ئەگەر بەوشێوەیە بەردەوام بێت ئەگەری تەقینەوەی هەیە، چونکە خراپیی دۆخی دارایی خەڵك و نەبوونی ی پێویست و بەپەلە وای کردووە خەڵك ناڕەزایەتیی هەبێ و هەوڵی رژانە سەرشەقام بدات. لە سەرووی هەمووشیانەوە داوای خەڵك بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و شەڕی گەندەڵی کە چەندین ساڵە دۆخی عێراقی خراپتر کردووە ، ئاماژەی روونی ئەو گەندەڵییانەش بوونی عێراقە لە نێو لیستی 20 گەندەڵترین وڵاتی جیهان ئەوەش بەپێی راپۆرتی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی.
کاریگەرییەکی گەندەڵی لە عێراق لەسەر سێ بەشی 41 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە دەرکەوتووە، هەژاری رووی لە زیاد بوونە، ئەو گەندەڵی و دۆخە نەک کاریگەریی لەسەر خەڵک بەڵکو لەسەر وەبەرهێنەرانی بیانیش داناوە، کە هەندێک جار لە عێراق دەبێت دەست لەگەڵ بەرپرس تێکەڵ بکەن بۆ ئەوەی کارەکانیان بەپێی پێویست بڕوات و کێشەیان بۆ دروست نەکرێت .
ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراق هەیە، هەندێک جار کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دادەنێت و هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر ئەو کاریگەرییە، بەجۆرێک عێراق لە کەرتی وزەدا گوشار لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە شایستەی هەرێمی کوردستانیشدا بەشی کوردستان نانێرێت .