ئەبو كاروان، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی كوردستان: بە ڕاشکاوی دەڵێم مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم زۆرن و جددیشن

مەزهەر کەریم – هه‌ولێر

ئەبو كاروان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەدا بۆ “هەولێر” دەڵێت: “دەسەڵاتدارانی بەغدا باوەڕیان بەمافە دەستووریەكانی خەڵكی كوردستان نییە. دەشڵێت؛ هەوڵدەدەن پێگەی هەرێم بچوك بكەنەوە پێویستە سەرجەم حیزب ‌و لایەنە کوردستانییەکان بە یەكگرتوویی ڕووبەڕوویان بوەستنەوە”.

  • ئێوە وەك حیزبی شیوعی، بۆ یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستیی كورد لەبەغدا چیتان كردووە؟
  • لەگەڵ یەكڕیزیی حیزب و لایەنە سیاسییەكان و هەموو چین و توێژەكانداین، بەڵام پێویستە بەرنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی هەبێت و میكانیزمی كاركردنی بۆ دیاری بكرێت، ناكرێت دروشم و كار كردن بۆ یەكڕیزی، وەرزی بێت یاخود بەمەزاجی دەسەڵاتداران بێت، دەبێ سەرجەم لایەنەكان بەشدار بن لەناوەندی بریار و ئەرك و مافەكانیان دیاری بكرێت.
  • هەندێك ڕاگەیاندنی كوردی بەهەمان نەهجی ڕاگەیاندنە شۆڤێنییە عەرەبیەکان پەیامەكانیان بۆ خەڵكی كوردستان دەگوازنەوە بەبڕوای ئێوە بۆچی ئەو كارە دەكەن؟
  • من لەگەڵ ئەوەدام كەناڵەكان لەسەنگەری داكۆكیكردن بن لە ماف و ئازادیی، ناكرێت ئەركە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان لەبەرچاو نەگرن و داكۆكی لە خاك و وڵات نەكەن، لەم حاڵەتەدا گرنگە میدیاكاران خۆیان بەدوور بگرن لە دروشم و دەستەواژەی برینداركەر كە هەڵگری نەفەسی شۆڤێنی و دژە نەتەوەی بێت، چونكە ئەم جۆرە بۆچوونانە زیان بە سومعەی نەتەوەكەمان دەگەیەنێت. گەر هەندێك ڕاگەیاندنی عەرەبی بە ئەقڵیەتی دواكەوتوانەو ڕەگەزپەرستانە ڕەفتار بكەن، دەبێ میدیاكانی ئێمە بە پێچەوانەكەیەوە كار بكەن، نابێت دژی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بن”.
  • ئەو فشارو بڕیارانەی لەدادگای فیدڕاڵی عێراقەوە بەرامبەر بە كورد دەردەكرێن هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێننەوە ؟
  • ئێمە دەزانین ئەوانەی حوكمڕانی بەغدادیان بەدەستەوەیە بەشیعە و سوننەوە بڕوایان بەمافی گەلی كوردستان نییە و لایەنی دیموكراتی نیین، جا ئەو مافانەی ئێستا بەدەستهاتوون ئەوان نەیانبەخشیوە پێمان، بەڵكو بەری ڕەنج و خەباتی گەلی كوردستانە و بەدونیایەك قوربانی هاتوەتە دی. لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١وە ، هەرێمی كوردستان خاوەنی پەرلەمان و حكوومەت و دام و دەزگاكانی خۆیەتی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش مامەڵەی لەگەڵ دەكات، لەكاتێكدا ئەم حیزبانەی ئێستای عێراق لەدەسەڵاتدا نەبوونە، بۆیە هەوڵ دەدەن پێگە و دەسەڵاتەكانی هەرێم بچوك و كەم بكەنەوە، ئەمەش وادەخوازی حیزب و لایەنەكان بەیەكگرتووی ڕووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببنەوە و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حیزبی شیوعی عێراق و لایەنە دیموكراتخوازەكان و ئەوانەی بڕوایان بەمافی چارەنوسی گەلی كوردستان هەیە بەهێز بكەن”.
  • تا چەند ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵیی عێراق بەڕەوا دەزانیت كە دەڵێت دەبێت نەوتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی بەغدا بكرێت؟
    ‌‎- دەستووری عێراق چەندین ماددەی ناكۆك و دژ بە یەكی تێدایە، بڕیار بوو زیاتر لە ٥٠ مادەی بەیاسا ڕێك بخرێت، كاتێك گفتوگۆ دەكرا بۆ بەیاسایكردنی ئەو ماددانە هەموو پێكهاتەكان هەوڵیان دەدا لەبەرژەوەندی خۆیان دابڕێژرێن، ئەمە وایكرد نەگەنە ئەنجام و وەك خۆی بمێنێتەوە. بەپێی ئەو دەستوورە و بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان پەنا دەبرێتە بەر دادگای فیدراڵی. بەداخەوە نوێنەرانی هەرێم سەركەتوو نەبوون لەكاری ئەو دادگایەدا و نەیانتوانی ڕێگری بكەن لەدەرچواندنی ئەو بڕیارە، من دژی هەر هەوڵدانێكم لەهەر لایەنێكەوە بێت بۆ لێدان لە پێگەی هەرێمی كوردستان”.
  • چەندە گرنگە كورد یەك دەنگ بێت بەرامبەر ئەو فشارو هەڕەشانەی لەبەغداوە لێی دەكرێت؟
    ‌‎- پێویستە بەرپرسانی هەرێم بەیەكگرتوویی ر‌و‌وبەڕووی فشارەكان ببنەوە، لەگەل لایەنە عێراقییەكان گفتوگۆ بكەن، بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتوو دەنگدان بەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەل یوئێن و ئەو دەوڵەتانەی كە كاریگەرییان هەیە لەسەر ناوەندی بریاڕ لەعێراقی فیدراڵ بەتایبەتی (ئەمریكا و ئێران) گفتوگۆی زیاتر بكەن و هاوكاریی هەرێم بن بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە”.
  • پیویستە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم چی بکرێت؟
    ‌‎- ئێمە دژی هەر هەوڵدانێكین بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی قەوارەی هەرێم، پێویستە حیزبەكان و خەڵك ڕووبەڕووی ئەو جۆرە كارانە ببنەوە، ڕاستە خەڵك ناڕازین لە دەسەڵاتدارنی هەرێم، بەڵام دەبێ جیاوازیی بكەین لە نێوان ئەركی پاراستنی قەوارەی هەریم و هەڵوێستمان بەرامبەر ئەو حیزبانەی دەسەڵاتی هەرێم بەڕێوە دەبەن”.
  • پێتان وایە حكوومەتی عێراق بتوانێت بۆ جێ بەجێ كردنی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵ هێز بنێرێتە سەر كوردستان؟
  • دیارە لەم كات و قوناغەدا زەحمەتە، بەڵام پەلاماردانی هەرێم دوور نییە لە عەقڵییەتی حوكمڕانانی عێراق، من نموونەیەك دێنمەوە، لەدوای ڕێفراندومی خەڵكی كوردستان و هەڕەشەكانی بەرپرسانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر، لە لیژنەی باڵای ڕێفراندوم گفتوگۆ دەكرا لەسەر ئەوەی ئایا بەغدا هێز دەنێرێتە سەر كوردستان؟ وەڵامی من بەڵێ بوو كە پەلاماری كوردستان دەدرێت”.
  • بەهای كوردبون یان هەستی نیشتمانی لای بەشێك لەخەڵكی لاواز بووە یا نەماوە، بەبڕوایی ئێوە پێویستە حیزبەكانی كوردستان چی بكەن؟
    پێویستە حیزبەكان ئەركی خۆیان ڕاپەڕێنن لە ڕۆشنبیركردنی خەڵك بەتایبەتی گەنجان بۆ ئەوەی نێشتیمانی خۆیان خۆش بووێ و جیاوازی بكەن لەنێوان خۆشەویستی بۆ نیشتمان و هەڵویستیان دەربارەی چونیەتیی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان”.
  • ئێوە وەك حیزبی شیوعی چیتان كردوە تا هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگەمان هەبێت؟
    ‌‎ – حیزبی شیوعی خاوەن هێزی پێشمەرگەی ئازا و كەریگەر بوو، كاتێك پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم پێكهات بەشێكی زۆری ئەو پێشمەرگانەی ناردەوە بۆ ماڵەوە و بەشێكی تریان خرایە سەر وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، حیزبی شیوعی كوردستان لە هەموو كۆبوونەوەكان لەگەل بەرپرسانی حیزبەکان داوای كردووە هێزی پێشمەرگە یەكگرتوو بن و یەك بخرێن”.
  • بەبڕوای ئێوە مەترسی هەیە لەسەر هەرێم ئەو مەترسیانە چین؟
  • ڕاشكاوانە دەڵێم، بەڵێ مەترسی هەیە و زۆریش، وە جددیشن، تا ڕادەی لەدەستدانی ئەم قەوارەیە لەوبڕوایەدانیم دەسەڵاتداران هەستیان بەم مەترسیانە نەكردبێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی هەوڵی چارەسەركردنیان نادەن، بەتایبەتی ئەو گرفت و كێشانەی كە چارەسەریان مومكینە؟

‌‎* پێكنەهێنانی حکوومەتی عێراق ‌و ناتەبایی نێوماڵی شیعی زیانی بۆ كورد دەبێت یان نا؟

  • بە بڕوای من ناتەبایی نێو ماڵی شیعە كاریگەری لەسەر هەرێم دەبێ، چونكە ئێمە تائێستا بەشێكین لە عیراقی فیدراڵ و هێز و لایەنە شیعیەكان دابەشبوونە بەسەر دوجەمسەری دەولی و ئیقلیمی، پارتی و یەكێتی دابەشبوونە بوو بەسەر دووجەمسەرە ناكۆكەدا.