دوای ١٦ ساڵ دابڕان دیموکراتەکان جەژنییەکگرتنەوە دەگێڕن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

رۆژی یەکشەم ٢١ی ئاب هەر دوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی یەکیان گرتەوە و کەسییەکەمی دوو حزبەکە واژۆیان لەسەر بەڵگەنامەی یەکگرتنەوە کرد، ڕووداوێکی گرینگ لە مێژووی ئەو حزبەی کە ٧٧ ساڵ لەمەوبەر لە مەهاباد دامەزرا و ڕۆڵی گرنگی گێڕا لە پێکهێنانی کۆماری کوردستان و ئێستاش دەخوازێت تواناکانی کۆ بکاتەوە و بە گوڕوتینێکی زیاترەوە درێژە بە خەبات بدات.

حزبی دیموکرات لە ماوەی ئەو ٧٧ ساڵەی تەمەنیدا لەگەڵ کۆمەڵێک هەوراز و نشێو بەرەوڕوو بووە و لە دژی دوو سیستمی سیاسی پاشایەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی خەباتی کردووە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ساڵی ١٩٧٩ ئەو دەرفەتە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە کایەوە تا مافی کورد بەدی بهێنرێت بەڵام سیستمی نوێی سیاسی و هەژموونی بەهێزی سیاسییەکانی شیعە ئەو دەرەتانەی نەهێشت کورد بە مافە نەتەوەییەکانی خۆی بگات. حزبی دیموکرات یەکێک بوو لەو حزبانەی لە پرسی دانوستان لەگەڵ تاران ڕۆڵی کارای هەبوو بەڵام دواجار شەڕ هەڵگیرسا و مافەکانی گەلی کورد لە لایەن حکوومەتی تاران ڕەت کرانەوە و هێرش کرایە سەر کوردستان.
ئەوکات حزبەکە کە دەیان هەزار پێشمەرگەی هەبوو، دەستی بە خەباتی چەکداری لە پاڵ خەباتی سیاسی کرد بۆ ئەوەی ڕووبەرووی داگیرکاری و هێرشی سەربازی ببێتەوە، چەندین ساڵ شەڕ و بەربەرەکانی لەئارادا بووە. حزبەکە لە هەندێک قۆناغ لە ناوەوەی وڵات و هەندێک قۆناغیش لەدەرەوە درێژەی بە خەبات داوە. حزبەکە پێوەندییەکی پتەوی لەگەڵ حزبەکانی تری کوردستان و ئێران و حزبە سۆسیال دیموکراتەکانی ڕۆژئاوا هەیە.
حزبی دیموکرات لەڕابردوودا تووشی کۆمەڵێک لێکترازان بووە و لە هەندێک قۆناغیشدا یەکی گرتووەتەوە. دواین لێکترازانی حزبی دیموکرات لە ساڵی ٢٠٠٦ ڕووی دا، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆنگرەی ١٣ی حزبەکە ناکۆکی یەکانیان گەیشتە لووتکە و لە ژێر ناوی دوو حزبی دیموکراتی کوردستان و دیموکراتی کوردستانی ئێران درێژەیان بە خەبات دا بێ ئەوەی لە ئایدۆلۆژیای سیاسی و بەرنامەی ستراتیجی و سیاسەتە گشتییەکان جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەکتردا هەبێت.
دابڕانەکە گورزێکی خراپی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دا و بەشێکی زۆر لە جەماوەر و خەباتگێڕی لە خەبات دڵسارد کردەوە، ئەو دوو حزبە ماوەیەک ئەوەندەی وزە و توانای خۆیان لە دژی یەکتر بەکار دەهێنا ئەوەندە بەرانبەر دوژمنە سەرەکییەکەیان بەکاریان نەدەهێنا.
گوشاری جەماوەر لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و پێداگری لە پێویستیی یەکگرتوویی خەبات و کۆکردنەوەی تواناکان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد و جۆرێک خوێندنەوەی خەسارناسییانەی ڕووداوەکانی ڕابردوو وایکرد پرسی یەکگرتنەوە لەڕێبەرایەتیی هەر دوو حزب چەکەرە بکات و لانی کەم لە دەیەی ڕابردوودا پرسی یەکگرتنەوە بوو بە بابەتی سەرەکی باس و خواستی چالاکانی سیاسی و جەماوەر و ئەندامان و کادیرانی حزبەکان.
دواجار ڕێبەرایەتی دوو حزبەکە بە هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە هەنگاوەکانیان چڕ کردەوە و سەرەتای ئەم مانگە له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی ڕێبه‌ریی دوو لایه‌نی حزبی دیموكراتدا كه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ ناسرا، دوا قۆناغه‌كانی پرسی یه‌كگرتنه‌وەیان‌ تاوتوێ كرد و دواین لەمپەرەکانیان لابرد و تەنیا ئەوە مابوو کاتێک بۆیەکگرتنەوە دەستنیشان بکەن.
ئێوارەی ٢١ی ئاب هەر دوو حزبی دیموکراتی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە فەرمی یەکیان گرتەوە و بڕیاریان دا لە ژێر ناوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران درێژە بە خەبات دەدەن.
وەک لە بەیاننامەی یەکگرتنەوەی دوو حزبەکە ئاماژەی پێ کرا، یەکگرتنەوەی حزبی دیموکرات، دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتکردن بۆ بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەروەها پێداگری کرا لەوەی هەنگاوەکەیان هاندەر و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە هێزێکی شوێندانەری ئەوتۆ کە لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سەرانسەریدا، سەنگ و پێگەی خۆی هەبێت و ئەمڕووداوە پیرۆزە دەبێتە هۆی گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان.
جێی باسە تا کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی داهاتوو، ناوەندێک کاروباری حزبەکە بەڕێوە دەبات کە لە 12 کەس پێکهاتوون. مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندەکە و خالید عەزیزی گوتەبێژی ناوەندەکەیە. لە ناوەندەکە شەش کەس لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و شەشی تریان لەڕێبەرانیحزبی دیموکراتی کوردستان بەشدارن و لەمەودوا لە ژێر ناوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران درێژە بە خەبات دەدەن. بڕیار بوو ئێوارەی دووشەم ٢٢ی ئاب لە هەولێر حزبەکە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕێک بخات و لەوانەیە لەم کۆنفرانسە و ردەکاری زیاتری کار و پلانەکانی حزب ئاشکرا بکرێت بەڵام تا ئامادەکردنی ئەمڕاپۆرتە پرێس کۆنفرانسەکە بەڕێوە نەچووە.
بە پێی زانیارییەکان پێداگری لەوە کراوە بە کەمتر لە ساڵێک کۆنگرەی ١٧ی حزبەکە بەڕێوەبچێت کە بە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان ناودێر کراوە.