له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پتر لە 11 ملیار دینار بۆ چەند پڕۆژەیەک، به‌مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن لە دروستبوونى لافاو و کەمکردنەوەى زیانەکانى له شاری هه‌ولێر ته‌رخانكرا.
له راگه‌یه‌ندراوێكی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه: لەسەر فەرمانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەدیوانى پارێزگادا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە گرتنەبەرى رێوشوێن و ئامادەکاریی بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ به‌ڕێوه‌چوو، به‌فه‌رمانی سه‌رۆكی حكومه‌ت، بڕیاردرا زیاتر له 11 ملیار دینار، بۆ ئه‌نجامدانی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی لافاو له‌شاری هه‌ولێر خه‌رجبكرێت.
كۆبوونه‌وه‌كه به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌چوو، لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی نێو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی راسپارد، ئامادەکارى ورد بۆ چارەسەرکردنى هەموو ئەو شوێنانە بكه‌ن، کە دەبنە هۆکارى کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونى لافاو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا بەزووترین کاتدا دەستبکرێت بە هەڵمەتى پاککردنەوەى سەرجەم مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکان، جگە لە لادانى زێدەڕۆیی و وەرگرتنى رێوشوێنی پێویست دەرهەق بە هەموو ئەوانەى زێدەڕۆییان كردووه‌تە سه‌ر رێڕه‌وی ئاو.
به‌هۆی لافاوه‌كه‌ی زستانی پار ساڵی شاری هه‌ولێر، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی گیانیانله‌ده‌ستدا و زیان به هه‌زار و 250 ماڵ گه‌یشت و وێڕای تێكشكانی ژماره‌یه‌كی زۆری ئۆتۆمبێل.
رۆژى 17ـی كانوونی یه‌كه‌م / دیسێمبه‌ری 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانى پارێزگای شاری هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە لافاوەکەی هەولێر کرد و بەدواداچوونى بۆ رێکارەکان، پێشکەشکردنی فریاگوزاری و زانینی قەبارەی زیانەکان، کرد.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان، کەمپینێكی بۆ ھاوکاریكردنی لێقەوماوانی لافاوەکەی ھەولێری راگەیاند و هاوكارییه‌كی زۆری بۆ زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه كۆكرده‌وه و له رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه دابه‌شی سهریانكرا.